ZNA - ههولێر
دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکار و ژووری بازرگانی ئەمەریکی لەھەولێر کۆبووەوه، تێیدا گفتوگۆ سهبارهت به ژینگەی بازرگانی و دەرفەتی وەبەرھێنانی نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان كرا.
دەیڤد کۆپلی جەختی کردەوە کە ویلایەتە یهكگرتووهكانی ئەمەریکا خوازیارە وەبەرھێنان بۆ عێراق بھێنێت، بەڵام .توانای ئەنجامدانی ئەوکارە بە دۆخی ئەمنی و گەندەڵیەوە پهیوهسته.
کونسوڵی گشتی ڕۆب واڵەرو سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی لەھەرێمی کوردستان دوری ئەبوزەید و ڕاوێژکاری پەیوەندیە ئابوریەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری ھەشت کۆمپانیاو خاوەنکار ھاوڕێیەتی بەڕێز دەیڤد کۆپلییان دەکرد.
کۆپڵی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی پەیوندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە کەرتی بازرگانیدا ئامادەیە.
بەڕێز دەیڤد کۆپڵی لە میانی سەردانەکەی بۆ ھەولێر ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیكهی ئەنجامدا، ههروهها لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا كۆبووهوه.
دەیڤد کۆپڵی و کونسوڵی گشی ڕۆب واڵەر ڕایانگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی ھەمەجۆرکردنی ئابوری ھەرێمی کوردستان و عێراق.
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە ھەولێر کاری لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی ئەمەریکی کردووە، لەناویاندا ژووری بازرگانی ئەمەریکی- لەھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکاو ھەرێمی کوردستان بۆ ھێنانی ژمارەیەکی زۆر شاندی بازرگانی ئەمەریکی بۆ ھەرێمی کوردستان لەپێناو ناساندندن وخستنەڕووی دەرفەتدا، کە دەرەنجامەکەی بریتی بووە لە کردنەوەی لقی چەندان مارکەی ئەمەریکی و دانانی نوسینگەی فرۆشتن لە ھەرێمی کوردستانی عێراق.
دەستەی وەبەرھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مکوڕە لەسەر دۆزینەوەی وەبەرھێنەرانی ئەمەریکی بۆ جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی وەبەرھێنان لەھەرێمی کوردستاندا، ھەندێکیان پڕۆژەی ستراتیژین، بەگوێرەی ژووری بازرگانی ئەمەریکی لەھەرێمی کوردستاندا.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کەوا پشتیوانی وەبەرھێنەرانی ئەمەریکی لە ھەرێمی کوردستان دەکات.
یەکێک لە ئارمانجەکانی ژووری بازرگانی ئەمەریکی لەھەرێمی کوردستان بوونە بە پردی پەیوەندی لەنێوان بازرگانانی ئەمەریکی و ھاوشانەکانیان لە ھەرێمی کوردستان.
باربرا ئابێڵ، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی ئەمەریکی لەھەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە لێرەین وەک سەرچاوەیەکی دڵنیایی بۆ بازرگانانی ئەمەریکی" گوتیشی "ئەگەر وەڵامەکانیش نەزانین، پەیوەندیمان ھەیە بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان، ئێمە پردی پەیوەندی لە نێوان حکومەتی ئەمەریکی و ڕابەرانی خاوەنکارو بازرگان لەھەرێمی کوردستان دروست دەکەین. لەڕێی بەیەکەوە گرێدانی نوێنەرانی بازرگانی لەئابوری ھەمەلایەنی ھەرێمی کوردستان دەتوانین پشتیوانی ئابووریەکی لەسەرپێی خۆی وەستاە بکەین."
ئەم هەواڵە 472جار خوێندراوەتەوە |