ZNA – هەولێر
ماوەی دوو رۆژە ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرال لە سنووری ناحیەی رەشاد سەربە قەزای حەویجە بەردەوامە و بۆ سێیەمجاریشە لە ماوەی مانگی رابردوودا، ئۆپەراسیونی گەڕان و پشکنینی ھێزە ئەمنییەکان لە دۆڵی زغەیتون-ی سەربە ناحیەی رەشاد ئەنجام دەدرێت.
فەرماندەی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدرالی حەیدەر متەوری بە ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداری ھێزێکی ھاوبەشی فیرقەی پێنج و فیرقەی یەکی لیوای ١٨ی پۆلیسی فیدرالی و ھێزی فڕۆکەوانی عێراق بۆسەر دۆڵی زغەیتون دەستی پێکرد.
حەیدەر متەوری گوتیشی: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، چوار حەشارگەی تیرۆریستانی داعش لەو دۆڵە خاپوورکراون و دەستبەسەر چوار بەلەمی داعشدا گیراوە، هەروەها ژمارەی کەرەستەی نێوماڵ و جلوبەرگی تایبەت بە تیرۆریستانی داعش دەستی بەسەردا گیراوە و لەناوبراون".
فەرماندەی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدرال راشیگەیاند: کە ئۆپەراسۆنی بەردەوام ئەنجام دەدەن بۆسەر ئەو ناوچانەی کە جموجۆڵی تیرۆریستانی داعشی تیادا ھەیە بۆ ئەوەی تیرۆریستان لەو ناوچانە جێگیر نەبن و بەئارامی جموجۆڵ نەکەن.
دۆڵی زغەیتون دەکەوێتە نزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین سەربە پارێزگای سەڵاحەددین و دانیشتوانی گوندەکەیش عەرەبی سوننە مەزھەبن.
ئەم هەواڵە 490جار خوێندراوەتەوە |