English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران بۆ سەرجەم قۆناعەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بە ڕێژەی (٤٥%) کەمکرایەوە
2020-10-12 [08:54 AM]

ZNA – ھەولێر 


بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەی (٤٥%) ھاوشێوەی ساڵی ڕابردو بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن کەمکردەوە.


 ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتی (١٢/١٠/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەی ژمارە (١٠)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی سێنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی.


 لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئامانجی وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنی باری دارایی ھاوڵاتیانی کوردستان و ڕەخساندنی ھەلی زیاتری خوێندن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی ھەرێمەکەمانە، لەھەمان کاتدا ئەم ھەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارھێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی ھەرێمی کوردستان.


ھاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند کە لێژنەیەکی وەزاری پێکھێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو ھاوشێوەی ساڵی ڕابردو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.


لە ھەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنی وەزارەت دوای گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە  بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێژەی (٤٥%)ی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ساڵی ڕابردو، بڕیارەکەش خوێندنی (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.


 لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنی ڕێژەیەک لە کورسی خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی  لە زانکۆ حکومیەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامانج لەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزارەتیش ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ دەرچوانی سەرکەوتوی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن ھەروەھا ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لەبەرژەوەندی دەرچوانی ئازیزی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لەھەمان کاتدا ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان.


 لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکی دیکەی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و دانانی پلان و بەرنامەڕێژی بۆ پێشوازیکردن لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکی دیکەی زانستی و ئەکادیمی تاوتوێکران.
 





ئەم هەواڵە 577جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
رووداوێكی سەیر پڵنگێك راوی سەگێك لەبەردەم دەرگای ماڵێك دەكات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad