ZNA - ههولێر لە سنووری پارێزگای کەرکووک سەرکردەیەکی داعش لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە کوژرا.
شەوی رابردوو، (١٦-١٠-٢٠٢٠) دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەڕێگەی توویتەری فەرمییەوە رایگەیاند "ھێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرکردەیەکی خۆکوژی داعشی کوشت".
دژەتیرۆری عێراق ئاشکرای کردووە "ئەو خۆکوژە، پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی بەستووە و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کە لەڕێگەی ھەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراوە (تیمێکی دژەتیرۆر) بە پەت لە ھەلیکۆپتەرەکەوە ھاتوونەتە خوارەوە بۆ دۆڵی شای لە پارێزگای کەرکووک. پاڵەوانەکانمان توانیان دوای چوونە ناو ئەو توونێلەی تێیدا خۆی شاردبووەوە، بیکوژن".
لە راگەیەندراوەکە زانیاری لەبارەی ناسنامەی خۆکوژەکە، ھەروەھا کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەوە ئاشکرا کراوە سەرکردەکەی داعش لەنێو توونێلەکەدا پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستووە.
ناوچەی دۆڵی شای کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدراوە، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای داقووق، ٤٠ کیلۆمەتر لە باشووری شاری کەرکووک. ھەرچەندە زۆرجار ئۆپەراسیۆن لەو ناوچەیە ئەنجامدراون، بەڵام ھێشتا ژمارەیەک چەکداری داعش لە ناوچەکەدا ماون.
ئەم هەواڵە 310جار خوێندراوەتەوە |