ZNA – هەولێر
دایکێک لە بەغدا دوای ئەوەی تەڵاق دەدرێت و جیا دەبێتەوە لەمێردەكەی، هەردوو منداڵەكەی لەسەر پردی ئەئیممە فڕێدەداتە ناو روباری دیجلە و دەیانکوژێت.
ڤیدیۆی فڕێدانی منداڵەكان لەلایەن ژنەكەوە لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە کە لە کامێرەی چاودێرییەوە و لە كاتژمێر 12:19 خولەکی شەوی 17-10-2020 تۆمارکراوە. تێیدا دەردەکەوێت کە ژنێک دوو منداڵەکەی دەباتە سەر پردێک و لەوێوە فڕییان دەداتە خوارەوە.
بەپێی ئاژانسە هەواڵییە عێراقییەکان، ژنەکە تەڵاق دراوە، ئەویش بەهۆیەوە کوڕ و کچەکەی كە یەكیان تەمەنی 2017 یەو ئەوی تریان 2018 ، یە دەباتە سەر پردی ئەئیممە لەنێوان ئەعزەمییە و کازمییە لە بەغدا و هەردووکیان فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە.
هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ژنەکە دەستگیر بکەن، دوای دەستگیرکردنیشی گوتوویەتی ماوەی سێ مانگە لە مێردەکەی جیابووەتەوە و منداڵەکان لای باوکیان دەمانەوە، ئەویش تەنیا لەکاتێکی دیاریکراودا دەیتوانی بیانبینێت و ئەوە ئازارێکی قووڵی لە ناخیدا دروستکردووە.
دایکی منداڵەکان دەڵێت، بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت منداڵەکانی بباتە زیارەتی ئیمام کازم، کچ و کوڕەکەی لە باوکیان وەردەگرێت، درەنگانێکی شەو هەردووکیان دەباتە سەر پردەکە و لەوێوە منداڵەکانی فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە.
سەبارەت بەوەی چۆن ئەو کارەی کردووە و هۆکارەکەی چی بووە، ژنەکە بە پۆلیسی راگەیاندووە، چۆن باوکیان منی لە منداڵەکانم دوورخستەوە و بێبەشی کردم لە بوون لەگەڵیان، منیش ویستم هەمان کار لەگەڵ ئەو بکەم، منداڵەکانم فڕێدایە نێو رووبارەکە تاوەکو ئەویش هەست بەو ئازارەی من بکات.
ئەم هەواڵە 679جار خوێندراوەتەوە |