ZNA- هەولێر
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی هەموو ئاوارەکانی کامپەکانی "ئەهل و شەمس" گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان هەردوو کامپەکەمان داخست.
ئیڤان فایق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رایگەیاند: "هەموو ئاوارەکانی نیشتەجێی کامپی شەمس، کە ژمارەیان 150 خێزان بوو، لەگەڵ ئاوارەکانی نیشتەجێی کامپی ئەهل، کە ژمارەیان 67 خێزان بوو، گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شارۆچکەکانی رومادی، قائیم، حەدیسە، عانە و عامرییەی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار".
فایق گوتیشی: "دوای چۆڵبوونیان، هەردوو کامپی "ئەهل و شەمس" مان داخست، لە رۆژانی داهاتووش کامپی دیکە لە بەغدا و ناوچەکانی دەوروبەری دادەخەین".
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، پێشتر رایگەیاندبوو، ژمارەی ئاوارەکان، کە هێشتا نیشتەجێی کامپەکانن لە هەموو عێراق نزیکەی 59 هەزار خێزانە، ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە کە نیشتەجێی کامپی ئاوارەکان نین، بەڵام هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە، بەغدا و ئەنبار.
ئەم هەواڵە 481جار خوێندراوەتەوە |