English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات 
2020-10-19 [04:48 AM]

ZNA – ھەولێر 


    

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رێکاری نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا راگەیاند، لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاھەنگ و گردبوونەوە بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەڵێت، ھیچ جۆرە گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دابەشکردنی شیرینی و سازدانی ئاھەنگ ناکرێت. 
 
دەقی راگەیێندراوی ژووی ئۆپەراسیۆنی ھەولێر:
 
دوای کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ٢٠٢٠.١٠.١٩، بەسەرپەرشتی د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
 
یەکەم/ پارێزگاری ھەولێر، بڕیاریدا بەدابینکردنی (١٠٠)ھەزار (دەمامک) لەسەر ئەرکی پارێزگای ھەولێر، بۆ بەشێک لەدام و دەزگاکانی پۆلیس و ھاتووچۆ و فەرمانگەکان، کە لەبەیانییەوە دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.
 
دووەم/ ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای ھەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو قۆناغەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە ھەموولایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن بەگشتیی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).
 
سێیەم/ سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت، دوکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەستانی (دەمامک) بۆ کرێکاران، خاوەن دوکان، فرۆشییاران، ئەوھاوڵاتییانەشی سەردانییان دەکەن، بەپێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان ڕادەسپێردراون ھەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
 
چوارەم/ داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئاینی و یەکیتی زانایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، ھەروەک چۆن لە ڕابردوودا ھاوکارمان بوونە، بەھەمانشێوە ھاوکارمانبن بۆ ھۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کەپابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن و بەھیچ شیوەیەک ڕێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.
 
پێنجەم/ کۆبوونەوە وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد)(د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە ھەولێری پایتەخت ساڵانە بەجیاواز لەھەموو جیھان، پێشەنگ بووە لە پێشوازیی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، (محەمەد) دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیەی بەڕێورەسم و شێوە و شێوازێک کردۆتەوە کە لەئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بەپشت بەستن بە فەتوای لێژنەی باڵای فەتوا لەھەرێمی کوردستان، داوا لەھاوڵاتییانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەین، تەنھا بە ڕازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرزڕابگرن، ھەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە(مزگەوت، تەکیە، ناوسەنتەری شار، ژێر قەلات)و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەبۆنەیەوە ئەنجامنادرێت.
 
شەشەم/ سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت (دەمامک) ببەستن، ھەرفەرمانبەرێک لەکاتی دەوام (دەمامک) نەبەستبێت رێکاری کارگێری لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر، ھەروەھا ھیچ ھاوڵاتییەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە ناو ھیچ فەرمانگەیەک.
 
حەوتەم/ داوا لەسەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەس و کارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خێزانەکانیان، لەکاتی چوونی ڕۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگاکان، ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و (دەمامک) ببەستن.
 
ھەشتەم/ ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە لەزیادبووندایە، بۆیە ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە ھەیە سەختر دەبێت، ئەوکات بەناچارییەوە دەبێت بیر لەڕێگای توندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.
 

 





ئەم هەواڵە 634جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad