ZNA - ههولێر لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە زانیاری گرنگی سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانەكەی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستكەوتووە، رایگهیاند، "لە میانی دوو رۆژی داهاتوودا، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە رووداوەكه رادەگەیەنرێت".
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدر زەیادی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاشكرایكردووە، ئەو لیژنەیەی كە تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی ناحیەی فەرحاتییە پێكهێنراوە، زانیاری ئەمنیی وردی لە خەڵكی مەدەنی و كەسوكاری قوربانییانی رووداوە دەستكەوتووە، جگە لەوەیش لیژنەكە زانیاری وردی سەبارەت بە ئەنجامدەرانی رووداوەكە دەستكەوتووە.
راشیگەیاند، لیژنەكە كە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكهێنراوە، كەمتەرخەمی ئەو هێزانەی كە بەرپرسن لە ئاسایشی ناحیەی فەرحاتییە دیاریكردووە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە چوار لەو 12 كەسەی كە كوژراون سەربە حەشدی هۆزەكانن.
بەدر زەیادی گوتیشی: "لە میانی دوو رۆژی داهاتوودا، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە رووداوەكەی ناحییەی فەرحاتییە رادەگەیەندرێت".
پێشتریش سهرۆك بارزانی زۆر به توندی ئیدانهی رووداوی کوشتن و بێسهروشوێنکردنی ژمارهیهک هاووڵاتی گوندی فەرحاتیەی پارێزگای سهلاحهدینی كرد.
رایگهیاند، وێڕای ئهوهی سهرهخۆشی و هاوخهمی خۆمان بۆ کهسوکاری قوربانیانی ئهم رووداوه دهردهبڕین، جهختیش لهوه دهکهینهوه که له پێناو بهدیهێنانی سهقامگیری و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان پێویسته حکوومهتی عێراق و لایهنه پهیوهندارهکان و لایهنه سیاسییهکان به ههماههنگی لهگهڵ یهکتر سنوورێک بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دابنێن.
ههروهها نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکۆنەی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند، کە دەبێت بەزووترین کات لیژنەیەک بۆ دۆزینەوەی بکەرانی رووداوەکە پێکبهێندرێت.
چەند رۆژێك لەمەوبەر، 12 هاووڵاتیی دانیشتوی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رفێندراون و دواتر كوژراون و پاشان تەرمەكانیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی سەڵاحەددینەوە دۆزراونەتەوە.
پێشتر پارێزگاری سەڵاحەددین، عەممار جەبر رایگەیاندبوو، ژمارەیەك كەس كە جلوبەرگی سەربازیان پۆشیبوو، ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە و باسی لەوەكردبوو، لەو 12 كەسەی كە كوژراون، هەشتیان پۆلیسن.
ئەم هەواڵە 1024جار خوێندراوەتەوە |