English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات 
2020-10-21 [02:28 AM]

ZNA – ھەولێر 




‏‎ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/١٠/٢١ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، کۆبوونەوەی ھەفتانەی ئاسایی خۆی کرد .

‏‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دا بە ئاستێکی مەترسیدار، کە ھۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێکارەکانی خۆپاریزی و رێنمایی تەندروستی . سەرۆک وەزیران ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و ڕێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان زیاتر لە بەرچاو بگرن و تووندتر بکەن ، بە تایبەتیش کە پێشبینی دەکرێ بە ھۆی ھاتنی وەرزی زستان و سەرما ، شەپۆلێکی دیکەی پەتای کۆرۆنا بڵاوببێتەوە . 

‏‎لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێکی لەبارەی (پڕۆگرامی خزمەت) خستەڕوو، کە لەکابینەی پێشووەوە دەست بەکارەکانی کراوە، ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، بریتییە لە باشترکردنی ئاستی ئەو خزمەتانەی کە دامەزراوە جیاجیاکانی حکومەت، پێشکەشی ھاووڵاتیانی دەکات بە جۆرێکی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو ڕەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانە، بۆ ئەوەی گونجاوتر بێت و کەمکردنەوەی رووتین لەڕێکارەکانی ڕاییکردنی مامەڵە لە دامودەزگاکانی حکومەت و گەیاندنی زۆرترین زانیاری بەھاووڵاتییان سەبارەت بە خزمەتەکان و پێداویستییەکانی بەجێگەیاندنیان، کە ئەمە بەشێکە لەخزمەتی بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت. 

ھەروەھا گوتیشی: مەبەستمانە لەڕێی ئەم بەرنامەیەوە ، بەباشترین شێوە خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین لەدامودەزگاکانمان تا ئەو ئاستەی دەگاتە خزمەتی( یەک پەنجەرەیی )ش.

‏‎ھەروەھا بڕیاردرا، ھەموو وەزارەت و دامەزراوەکان، لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پێداچوونەوە بکەن بە یاسا ورێنماییەکانیان بۆ ئاسانترکردن وشەفافتر کردن و باشترکردنی کوالێتی پرۆسە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتەکان و پێداچوونەوەش بەرسوماتی ئەو خزمەتانە بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا کە پۆڕتاڵێک ھەیە بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت
 https://Services.gov.krd لەڕێی ئەم پۆڕتاڵەوە ، ھاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لەسەر ئەو خزمەت و ئەو مامەڵەیەیان دەستبکەوێت کە مەبەستیانە. ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پەرەپێدان وجێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نیشاندا و پێشنیارەکانیش پەسندکران.


ھەر لەم چوارچێوەیەدا ، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری بازرگانی وپیشەسازی ڕاسپارد لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان ئاسانکاریی بۆ تۆماری لقی براندە نێودەوڵەتیەکان لە ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ھاندانی کەرتی تایبەتی بیانی تا بەشداری لە بووژاندنەوەی بازاڕ و ئابووری ھەرێمی کوردستان بکەن، دوور لە ڕووتین و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم تۆماری لقی کۆمپانیا باوەڕپێکراوە جیھانییەکان لە ھەرێم.


لە بڕگەی دووەمدا ، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست ڕاسپارد لەو بارەیەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو ، پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ھەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرھەم نایەت، و ھەروەھا لێخۆشبوونی ھاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە ھاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن. 


دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی ھێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ پشتگیریی جووتیاران و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، لەم پێناوەشدا ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی ڕاسپارد بە ھەماھەنگیی لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کاری پێویست ئەنجام بدەن، لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە گرنگی زانی کە پشتیگریی پیشەسازی کشتوکاڵیی بکرێت و ھانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ دامەزراندنی بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانە لە ناو ھەرێم لە جیاتی ھاوردەکردنیان، وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.





ئەم هەواڵە 391جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad