ZNA - ههولێر
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، دوو تیرۆریستی داعش لە سنووری کارگێڕی پارێزگای بەغدا دەستگیركراون.
ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق پشت بەستن بە راگەیەندراوێكی ئاژانسی ناوبراو بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی بەغدا لە میانی دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، دوو تیرۆریستیان لە ناوچەكانی مەنسور و دۆرە دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش، داواكراوبوون.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە یەكێك لەو دوو تیرۆریستەی دەستگیركراون، بە ناوی ئەبو عائیشە لە بەناو فیرقەی فورقان چەكداربووە و ئەوەی دیكەیش بەناوی ئەبو ئیسحاق لە بەناو ویلایەتی باشوور كاری كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە كە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، ئەو دوو دەستگیركراوە دانیان بەوەداناوە كە سەربە داعشن و بەشدارییان لە چەندین كردەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان كردووە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ئەو دوو دەستگیركراوە، بە ئامانجی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا دەستبەسەركراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان، بگیرێتەبەر.
ئەم هەواڵە 400جار خوێندراوەتەوە |