ZNA- هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان تاوتوێی یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی بکات.
لە راگەیاندراوێکی نووسینگەی حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە، ئەمڕۆ بە ئامانجی تاوتوێکردنی یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی کەعبی کۆدەبێتەوە.
هاوکات لیژنەی دارایی رایگەیاندبوو، فراکسیۆنە سیاسییەکان لە پەرلەمان کۆکن لەسەر تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی، بەڵام گۆڕانکاری لە داڕشتنی یاساکە دەکەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوەدا، یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، کۆدەنگییەک هەیە لەسەر تێپەڕاندنی، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری لە داڕشتنەکەی دەکرێت کە لە لایەن حکومەتەوە رەوانە کراوە.
ئەم هەواڵە 697جار خوێندراوەتەوە |