ZNA ــ هەولێر لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی دەریخستووە کە ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی گورچیلەوە دەناڵێنن، لەکاتی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، بەراورد بە کەسانی ئاسایی دوو ئەوەندە زیاتر ئەگەری گیان لەدەستدانیان هەیە.
لەوبارەیەوە زاناکانی ئیمپریال کۆلیدج لە لەندەن هۆشداریانداوە کە ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت دەبێت پزیشکان لەوپەڕیی ئامادەییدابن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشانی گورچیلە، جەختیشیان کردۆتەوە هەر تووشبوویەکی کۆڕۆنا بەدەست نەخۆشییەکانی گورچیلەوە بناڵێنێت ئەوە دەبێت بەزوویی لە یەکەی چاودێری چر داخڵ بکرێت.
دوکتۆر سانۆج سۆنی، پسپۆڕی چاودێری چر لە زانکۆی ئیمپریال کۆلیدج لە لەندەن کە سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەکەی کردووە دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لەوکەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی گورچیلەوە دەناڵێنن نازانن کە ئەندامەکانیان زیانیان بەرکەوتووە.
دوکتۆر سۆنی ئەوەشی وتووە کە ئەگەر کەسێک نەخۆشیی گورچیلەی هەبێت و تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ ببێت، ئەوە دوو ئەوەندەی کەسانی ئاسایی ئەگەری گیان لەدەستدانی هەیە، هەربۆیە دەبێت ئەو کەسانە لەنەخۆشخانەکان گرینگییەکی تایبەتیان پێبدرێت.
ئەم هەواڵە 445جار خوێندراوەتەوە |