ZNA- هەولێر
کوتلە نوێیەکەی پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی چڕ كردۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش رەشنووسێکیان ئامادە کردووە و داویانە بە هەموو کوتلەکانی پەرلەمان.
محەمەد خالیدی، گوتەبێژی کوتلەی (بەرەی عێراقی) بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بڕیارێکی بە کۆمەڵیان داوە بۆ ئەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی دوور بخەنەوە، گوتیشی، گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو لە هەوڵەکانی لەکار لادانی حەلبوسی.
کوتلەی بەرەی عێراقی رەشنووسێکی ئامادە کردووە و داویەتییە هەموو کوتلەکانی پەرلەمان، کە تێیدا کارە نایاساییەکانی حەلبووسی خراوەتە روو، هەروەک گوتەبێژی بەرەی عێراقی رایگەیاندووە.
بەرەی عێراقی ئێوارەی رۆژی هەینی 24-10-2020 لە کۆبوونەوەی 35 پەرلەمانتاری سەربەخۆ و بەرەی ئینقاز و گەشەپێدان، جەماهیر، پرۆژەی عەرەبی، حزبی ئیسلامی و کوتلەی عێراقی پێک هات، ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکی بەرە نوێیەکە.
هەموو ئەندامانی ئەو کوتلە نوێیە، کەبەناوی (بەرەی عێراقی) پێک هێنراوە، لە پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراقین.
ئەم هەواڵە 412جار خوێندراوەتەوە |