English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پەیامێک لەسەرۆک بارزانییەوە 
2020-11-02 [12:35 PM]

ZNA- ھەولێر


سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان و پەکەکە کردووە و دەڵێت، "مێژوو شاھیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی کوردستان و ھەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
 
پەیامێک لە سەرۆک بارزانی بۆ ڕای گشتیی کوردستان
 
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
 
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت و لەو ھەموو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتی ئێمە کردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە ھەموو کوردستانییەک بکەم کە بە شێوەیەکی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوەوە و، لەئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەو ئاساییکردنەوە و نەھێشتنی گرژی و ناخوشییەکان ھەنگاو بنێن. ئێستا کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزییەکانیەتی بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە ناخۆشی و پیلانەکان بپارێزن.
 
مێژوو شاھیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی کوردستان و ھەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.
 
بەڵام نابێت ئەم ھەڵوێستەمان بە ھەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بکرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی ھەرێمی کوردستان بکرێت و ھەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەکی چەکدارانەی نایاسایی بە سەر خەلکی کوردستان بدرێت. نابێ ھەڵوێستی حەرامکردنی شەڕی کورد و کورد بەوە لێکبدرێتەوە کە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێھاتەکانمان تێک بدرێت و ھاووڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەھید بکرێن و کەسیش دەنگ نەکات.
 
دوای ھێرشی دڕندانەی تیروریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ڕوویان کردە بەرەکانی شەری دژی تیروریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر ھەندێک ناوچەی تریش یان داگیر کرد و خویان وەک جێگرەوەی حکوومەت سەپاند و ڕێگریان لە خەڵک کرد ماڵ و دێھاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بکەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگوومان ئەم ڕەفتارانە جێگای قبووڵکردن نییە. ھەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیار دەکەوێت نەک بە قسە و وتار.
 
لێرەدا پێویستە بە بیریان بێتەوە کاتێک لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکیەکانیان بوون، ئێمە ھەموو جۆرە ھاوکارییەکمان کردن. ئەوان بە پێچەوانەوە ھەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قوناغدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا ھەموو لایەک زەرەرمەند بوین.
 
باشترین ھەڵوێست لەم کاتەدا ڕێز گرتنە لە دەستەڵاتی شەرعی و یاسایی ھەرێم و ھەروەھا چۆڵکردنی ھەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەی سەپاندنی ھێزی چەکداری داگیر کراون و بونەتە جێگەی مەترسی بو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان. ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدان گوند بەھۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و کراونەتە گوڕەپانی شەڕ و پێکدادان.
 
لێرەدا داوا لە ھەمو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ڕێ لە گرژیی زیاتر و ڕووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە ڕێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی ھیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قوناغەدا بن.
 
مسعود بارزانی
 
٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠

 





ئەم هەواڵە 385جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad