English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
خوێندن بە سیستمی ئاوێتە لە زانکۆکانی دھۆک بەسەرکەوتویی بەڕێوەدەچێت
2020-11-08 [03:31 AM]

ZNA- ھەولێر 



وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە سەردانی بۆ زانکۆی دھۆک لە مەراسیمێکدا کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی کردەوەو لەنزیکەوەش لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندن بە سیستمی ئاوێتە ئاشنا بو، لە میانی کۆبونەوەیەکیشدا بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشیە د. موئەیەد ئاغالی میرزا سەرپەرشتیاری روبەروبونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک.

لە چوارچێوەی سەردانە مەیدانییەکانی بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندن، ئەمڕۆ ٨ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ٢٠٢٠، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە میانی سەردانی بۆ زانکۆی دھۆک لەگەڵ د. موسلیح دھۆکی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت، تۆماری گشتی زانکۆی دھۆکی بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ دەرچوانی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگەکان گفتوگۆی کردو گوێی لە پێشنیاز و بۆچونەکانیان گرت، ھەروەک لە نزیکیشەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندنی ئاوێتە لەم زانکۆیەو داواکاری و پێشنیازی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران گفتوگۆی کرد.

دواتریش لە ڕێورەسمێکدا بە ئامادەبونی ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان، بڕوانامەی ڕێزلێنانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن د. ئارامەوە پێشکەش بە د. موئەیەد ئاغالی میرزا کرا.

لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست و ڕایگەیاند د. موئەیەد وەک ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکـۆی دھۆک و ھەروەھا سەرپەرشتیاری ڕوبەڕوبونەوەی کـۆڤید-١٩ (ڤـایرۆسی کۆرۆنا) لەو پارێزگایە رۆڵێکی کاریگەرو باڵا دەگێڕێت، بەتایبەت رۆڵیان لەھۆشیارکردنەوەی ھـاوڵاتیان و خزمەتکردن بە گەل و وڵات وەک سەربازێکی ون، بۆ ئەمەش ھیوای خواست نمونەی بەڕێزیان زۆر بێت و ئاواتی سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.

ھەر لە سەردانەکەیدا، د. ئارام لە ڕێورەسمێکدا کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی لە زانکۆی دھۆک کردەوە، کە پێکھاتوە لە ھەردو بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دیبلۆماسی و بەشی سیستمی سیاسی و سیاسەتی گشتی بۆ ئەمەش لە وتەیەکدا بۆ مامۆستایان و ستافی کۆلێژەکە پاڵپشتی وەزارەتی بۆ دوپاتکردنەوەو ڕایگەیاند: خستنە سەرپێی ئەم کۆلێژەو پەرەپێدانی دەبێتە یەکێکی دیکە لە دەستکەوتەکان بۆ زانکۆی دھۆک.

ھەر لە باڵەخانەی کۆلێژی زانستە سیاسیەکان، وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ ڕاگرو سەرۆک بەش و مامۆستایانی زانکۆ کۆبۆوەو لە نزیکەوە گوێی بۆ گرتن و ڕێگە چارەسەری بۆ بەشێک لە کێشەو ئاریشەکانی ئێستای پرۆسەی خوێندن خستەڕو.

وەزیر ڕایگەیاند: لە نێو ئەو بارودۆخە نالەبارەی ناوچەکەو بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا پرۆسەی خوێندن بە سیستمی ئاوێتە یەکێک بو لە بژاردە ناچارییەکانی ئەمساڵمان بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن پارێزراو بێت، بە گوێرەی سیستمی خوێندنی ئاوێتەش ئەولیەتی ئێمە بۆ خوێندنی ناو کەمپەسە، ئومێدمان ئەوەیە کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت ھەمو وانەکان لە ناو کەمپەس بخوێنرێت، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند قۆناع بە قۆناغ لەبەر رۆشنای ئەو راپۆرت و ھەڵسەنگاندن و ڕێکارانەی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆناو وەزارەتی تەندروستی دیاری دەکەن، زانکۆکانمان بە جێبەجێکردنی سەرجەم پرۆتۆکۆل و ڕێنمایەکان لەگەڵ رەوشی تەندروستی ھەرێمەکەمان دەگونجێنین، بەشێوەیەک پاراستنی گیانی خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.

ھەر لەھەمان چوارچێوەدا د. ئارام سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆکی کردو لەلایەن د. عەدنان موحسین سەرۆکی زانکۆ و ڕاگرو مامۆستایانەوە پێشوازیلێکرا، لە میانی بەسەرکردنەوەی تۆماری گشتی زانکۆ، لە نزیکەوە لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خۆتۆمارکردنی وەرگیراوانی ئەمساڵی خوێندن ئاشنا بو و بە ستافی تۆماری گشتی ڕاگەیاند بو پەڕی خۆشحاڵی و لە خۆبوردنەوە پێشوازی لە وەرگیراوان بکەن و ئەوەی لە تواناتان بێت درێغی نەکەن بۆ ئاسانکاری دەرچوان.

ھەروەک لە کۆبونەوەیەکیشدا لەگەڵ ستافی زانکۆ وەزیری خوێندنی باڵا گوێی گرت لە کێشەو گرفتەکان و چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندن لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دھۆک بۆ ئەمەش چەندین پێشنیاز بۆ باشتر بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندن خرانەڕو.

ھەر ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەیاوەری سەرۆکی زانکۆی دھۆک و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت سەردانی د. عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆکی کردو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگار باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ھەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری دھۆک بەتایبەتی کرا، بۆ ئەمەش وەزیری خوێندنی باڵا رۆڵی پارێزگاری دھۆکی لە گەشەپێدان و پشتیوانی بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا لە سنوری پارێزگای دھۆک بە گرینگ زانی، ھەروەک پلان و بەرنامەکانی ساڵی نوێی خوێندنیشی خستەڕو، لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگاری دھۆک سوپاس و دەستخۆشی لە کارەکانی وەزارەت کردو جارێکی دیکە پاڵپشتی بۆ سێکتەری خوێندنی باڵا لە پارێزگای دھۆک دوپاتکردەوە.





ئەم هەواڵە 313جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad