English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
راگەیندراوی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 
2020-11-09 [04:24 AM]

ZNA- ھەولێر 



ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٩/١١ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای بەخێرھێنان و سوپاسکردنی شاندی ھەردوولا لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆکی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە کە بەھۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، جیھان و عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی کاری ھاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەکێتی کردەوە و ئامادەییی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی نیشان دا بۆ پاڵپشتی و ھاوکاریی سەرخستنی کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگیی نێوان ھەموو لایەنەکان.

دواتر شاندی ھەردوولا گفتوگۆی ڕاشکاوانە و بەرپرسانەیان لەسەر کۆی پرسەکان کرد و دووپاتی بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە. ھەردوولا کۆک بوون کە پێویستە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی جددی و کردەیی بنێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانیان و ھەموو تواناکانیان بخرێنە گەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و پشتیوانیی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.

بارودۆخی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوو. ھەردوولا کۆک بوون کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان، ئەرکی  ھەموو لایەکە.

ھەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دووپات کردەوە و لەم ڕووەوە ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بەرز ھەڵسەنگێنرا و دووپاتی بەردەوامیی ئەو ھەماھەنگییە کرایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە سیاسی و ئیدارییەکانی نێوان ھەردوولا کرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەرکەزییەت لە ھەرێمی کوردستان. ھەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەت لە ھەرێم و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش و نەھێشتنی ڕۆتین لە ڕاییکردنی کاری ھاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. لەم ڕووەوە ھەنگاوەکان بە ئەرێنی ھەژمار کران و دووپاتی بەردەوامیی کاری ھاوبەش بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکان کرایەوە و میکانیزمی گونجاو لەو ڕووەوە بڕیاری لێدرا.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، دووپاتی بەردەوامیی کاری ھاوبەش و ھەماھەنگی لەناو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستاندا کرایەوە کە ئامانج لێی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت.





ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad