ZNA - تاران
فیلمی سینەمایی "هەتاو" لە دەرهێنانی مەجید مەجیدی و لە وێنەگرتنی سینەماکاری کورد هوومەن بێهمەنێش، بۆ نوێنەرایەتیکردنی سینەمای ئێران لە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری 2021 لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەڵبژێردرا.
لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، دوای چەندین کۆبوونەوەی بەردەوام، فیلمی سینەمایی "هەتاو" (خورشید) بۆ بەربژێربوون بۆ ئەو خەلاتە هەڵبژارد.
دکتۆر رائید فەریدزادە سکرتێر و وتەبێژی لێژنەی ناساندنی فیلمی ئێرانی بە ئۆسکار گوتی: کاری ئەم لێژنەیە، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕینی یاساکانی ئۆسکار، باشترین فیلم کە بە زمانی بیانی و جگە لە زمانی ئینگلیزی سازکراون و گۆڕینی مۆڵەتی کاتی بەشداریی لەم خولەدا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە هەڵسەنگاندنی 90 فیلم کە لە وڵاتی ئێران نمایش کراون، دەستی پێکرد و پاشان ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردن بە لیستێکی هاوبەشی 12 فیلمی گەیشتن.
گوتیشی: لە درێژەدا، ئەندامانی لێژنەی ناساندنی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکار، بە دووبارە خوێندنەوەی یاسا و رێساکان و هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانەی فیلمەکان و دوای وەرگرتنی دەنگەکان و کۆکردنەوەی بیرووڕاکان، لە نێوان سێ فیلمی سینەمایی "هەتاو" لە دەرهێنانی مەجید مەجیدی، "داری گوێز" لە دەرهێنانی محەمەد حوسێن مەهدەویان و "یەلدا" لە دەرهێنانی مەسعوود بەخشی، فیلمی سینەمایی "هەتاو" لە دەرهێنانی مەجید مەجیدییان وەکوو بەرهەمی کۆتایی هەڵبژارد و ئەم بەرهەمە بە واژۆی ئەم لێژنەیە، بە ناونیشانی نوێنەری سینەمای ئێران بە ڕێوڕەسمی ئۆسکاری ساڵی 2021 ناسێندرا.
مەنسوور جیهانی
ئەم هەواڵە 343جار خوێندراوەتەوە |