English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مستەفا كازمی: 320 ملیارەكە دەنێرین بۆ هەرێم تاوەكو بودجە پەسەند دەكرێت
2020-11-18 [08:38 AM]

ZNA- هەولێر


سەرۆک وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەڵێت "رێککەوتووین تاوەکو پەسندکردنی بودجە پارەیەکی سادە بنێرین"، کە مەبەستی 320 ملیار دینارەکەیە، هەروەها داواش لە پەرلەمانتاران دەکات ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەو کاریگەرییان لەسەر بژێویی خەڵک نەبێت.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد، كە بەشێکی قسەکانی کازمی تایبەت بوو بە رەوشی دارایی عێراق و رێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا.

 

کازمی لە قسەکانیدا باسی لە تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە لە پەرلەمانی عێراق بەبێ خواستی کورد کرد، گوتی "ئێستا یاسای قەرز زۆر کاری حکومەتی پەکخستووە،  لێرەدا باسی ناکەم، بە راشکاوانە دەڵێم هیوادارم لە برایانی پەرلەمان، ناکۆکی سیاسی رەنگنەداتەوە لەسەر بژێوی گەل، جا کورد بێت یان عەرەب بێت".

  

مستەفا کازمی دەشڵێت "بەڵێ هەڵە هەیە و هەندێک شت هەیە لە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم، بەڵام داوادەکەم بازرگانی بە بژێوی گەل نەکرێت، ئەمڕۆ ئێـمە شەڕیان پێدەفرۆشین سبەینێ ئەوان شەڕمان پێدەفرۆشن و زیان بە پێدانی مووچە دەگات. هاووڵاتیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن هەڵەی سیاسی لە ئەستۆبگرن، پێویستە هاووڵاتی بەتەواوی لەمە بەدووربن. نابێت مووچە ببێتە ماددەیەک بۆ کێشانەوەی پارە، ئەمە حەرامە". هەروەها گوتی "ئێمە دەڵێین دەبێت هەرێم هەنگاو بنێت بە ئاراستەی رادەستکردنەوەی زۆر لە ئاراستەکان کە لە رابردوو سەرکەوتوو نەبوون".

 

لەبارەی بەردەوامی دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا، کازمی رایگەیاند "دانوستاندن بەمنزیکانە دەکرێت و پێشتریش هەبووە و  بەردەوامە، پێشتر رێککەوتین لەسەر پێدانی بڕە پارەیەکی سادە تاوەکو یاسای بودجەی 2021 پەسند دەکرێت، کەمتر لە مانگێک کوتلە سیاسییەکان بەوپەڕی جیدییەتەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئاستەنگییەکان، دانووستاندنی نێوان کوتلە سیاسییەکان مافێکی سرووشتی کوتلە سیاسییەکانە کە قسەیان لەسەر بودجە هەبێت، بەڵام بەپێی بەرژەوەندی عێراق بێت".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد، بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریبکات، بۆیە بڕیارە هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا، بیانووی پەرلەمانتارانی شیعە و بەشێکی سووننەکان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ئەوەیە، کە دەڵێن هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی نەداوەتە حکومەتی عێراق.

 





ئەم هەواڵە 682جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad