|
ZNA- ھەولێر
لە شاری سلێمانی چەند کەسێک ھێرشدەکەنە سەر پزیشکێک و برینداری دەکەن، پزیشکەکەش دەڵێت " یەکێک لە ھێرشکارەکان زاوای خۆمان بووە و بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە برینداریان کردووم."
رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە، چەند کەسێک کە ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا پیکابیان پێبووە، ھێرشدەکەنە سەر پزیشکێکی ددان بە ناوی (مەیسەرە فالیح ) و برینداری دەکەن.
د.مەیسەرە سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند "ھێرشکارەکە زاوای خۆمان بووە و ( مێردی خوشکم ) بووە، بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتیشەوە ھێرشیکردووەتە سەرم و بە دەمانچە لێیداوم، ئێستا ئەو کەسە لە خوشکەکەم جیابووەتەوە و ھیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەماوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆر مەیسەرە ئاماژە بەوە دەدات "پشت و قاچ و سمتم برینداربوون و ئێستا لە نەخۆشخانەم، بەڵام تەندروستیم جێگیرە و سکاڵای یاساییشم لەسەر ھێرشکار تۆمارکردووە".
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی ئەو کەیسەوە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا سکاڵاکە نەگەیشتووەتە دەستمان، ھەرکاتێک بگات رێوشوێنی یاسایی خۆمان دەگرینەبەر.
سەرچاوە | رووداو
ئەم هەواڵە 709جار خوێندراوەتەوە |