English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە چەمچەماڵ "تەڵەکەبازێک" کە خێزانی شەھیدانی کردبووە ئامانج، دەستگیرکرا
2020-11-25 [01:52 AM]

ZNA- ھەولێر 


تۆمەتبارێک لە چەمچەماڵ دەستگیرکرا، کە بەناوی رێکخراوی خێرخوازی خۆی ناساندووە و بەنیازبووە قۆڵی کەسوکاری شەھید و پێشمەرگە و خێزانە کەمدەرامەتەکان ببڕێت.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، ٢٥-١١-٢٠٢٠) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو کەسە "تەڵەکەبازە" بڵاوکردەوە و، ئاشکرای کرد ناوی (ئ. ق. ف.)ـە، دانیشتووی ناحیەی تەکیەی کاکەمەندە و تەمەنی ٣٠ ساڵە.

تۆمەتبارەکە بەپێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی "لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەسوکاری شەھید و پێشمەرگە و خێزانە کەمدەرامەتەکانەوە کردووە، بەناوی رێکخراوێکی خێرخوازی ساختە خۆی ناساندووە، پاشان بەڵێنی پێداون کە خانوویان بۆ بکڕێت، بەمەرجێک ٢٠٪ـی نرخی خانووەکەی پێبدەن".

تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکەدا دانی بەوەدا ناوە بڕی ٢٥٠٠ دۆلاری لە ھاووڵاتییەک بەناوی (ش.م.ح.) وەرگرتووە، کە خێزانی شەھیدێکی پێشمەرگەیە و، پەیوەندی بە کەسێکی دیکەشەوە کردووە و لەسەر ئەوە رێککەوتوون بڕی ٦٠٠٠ ھەزار دۆلاری لێوەربگرێت لەبەرامبەردا خانوویان بۆ بکڕێت.

ئەو گەنجە "تەڵەکەبازە" فریانەکەوتووە ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت و، بەپێی راگەیەندراوەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی چاودێری ورد کراوە و لەناو بازاڕی چەمچەماڵ دەستگیرکراوە.

تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ، بەپێی ماددەی (٤٥٦) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، داوا لە ھاووڵاتیان دەکات لەکاتی ھەبوونی ھەر حاڵەتێکی گوماناوی، پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکەیانەوە بکەن، بەمەبەستی بەدواداچوون لەڕاستی و دروستی بابەتەکان و لێکۆڵینەوە.





ئەم هەواڵە 508جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad