English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
هێشتا کات ماوە بۆ ڕێگرتن لە کارەسات -- وێنەکەی پلاسخارت بۆ دواڕۆژی عێراق ڕاچڵەکێنەر، ترسناک و هەقیقییە
2020-11-27 [07:00 AM]

جەواد قادر


 

خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە هەفتەی ڕابردوودا دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی عێراق و ئاسۆی وڵاتەکە دا بە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

ئەم ڕاپۆرتە دەرئەنجامی بینین و لێکدانەوەی وردی پلاسخارت و تیمە شارەزاکەی یوئێن بوو بۆ عێراقێک کە دوای شەڕی داعش، لە تەنگژەیەکی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا بە ڕێوە دەچێت.    

لەو ڕاپۆرتە چڕە ١٥ خولەکییەدا، پلاسخارت باسی لەو ”دەرفەتە زۆرانە” کرد کە عێراق لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بەفیڕۆی داون. باسی لە ”بەتاڵانبردنی” سەروەتی عێراق و پشتگوێخستنی داوای خەڵک و لانی کەمی خزمەتگوزاریی گشتی کرد. باسی قۆڵبادانی لایەنە سیاسییەکانی لە عێراقدا کرد کە هەڵبژاردن وەک کەرەستەی درێژەپێدان بە حوکمڕانییەکی ناڕەوا بە کار دەهێنن. باسی خۆپێشاندانەکانی پاری عێراقی کرد کە ئەگەر چاکسازی بە دوادا نەیەت، ”درەنگ یان زوو نائارامیی کۆمەڵایەتی”ی لێ شین دەبێتەوە; کە بێگومان، لە قامووسی سیاسیدا، مەبەست لە نائارامیی کۆمەڵایەتی، شۆڕشە. 

پلاسخارت بێ پەردە گوتی: ”ڕێم بدەن جەخت بکەمەوە: دۆزینەوەی ڕێچارەی جیددی و بەهێز بۆ تەنگژە ئابووری و داراییەکانی عێراق نابێ دوا بخرێت، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش بێت. حکوومەت، پەرلەمان، هێزە سیاسییەکان و لایەنەکانی تریش ناچارن کە پێکەوە بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو هەڵبگرن. یەک بابەت زۆر ڕوونە: بەبێ ڕێککەوتنی سیاسیی فراوان (لەنێوان لایەنەکاندا)، چاکسازییەکان تەنیا لەسەر کاغەز دەمێننەوە و ناچنە قۆناغی مەیدانییەوە.”


یاسای کورتهێنانی بودجە، هەرێمی کوردستان و پرسی فیدراڵیزم

پلاسخارت ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی یاسای کورتهێنانی بودجە و هەموارکردنەکەی پەرلەمان کرد و بە بەربەست لەبەردەم حکوومەتەکەی کازمیی لە قەڵەم دا. ئەو گوتی لە بنەڕەتدا، پرۆژەیاسای قەرز، کە وەزیری دارایی پێشنیازی کردبوو، بە دیاریکراوی بۆ ئەوە بوو کە یارمەتیی حکوومەت بدات بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو چاکسازییانەی کە بەغدا لە ساڵی دابێ، دەبێ بەپەلە دەستیان پێ بکات. بەڵام کە یاساکە چووە پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان وەها قۆڵی حکوومەتیان پێ بادا، کە نەتوانێت ئەو چاکسازییە زۆر پێویستانە بە ڕێوە ببات و بەهایەکیان بۆ پرۆژەیاساکە نەهێشتەوە.

پلاسخارت لەبارەی یاسای قەرز و پێوندیی بە هەرێمی کوردستانەوە گوتی: ”دەبێ گومان لەسەر ئەوە نەبێت کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە تەنیا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو ئەوان هاووڵاتیی عێراقیشن. مووچەی فەرمانبەران دەبێ لە ململانێی سیاسیی لایەنەکان دوور بێت. خۆ ناکرێت فەرمانبەران بە کۆمەڵ ببنە قوربانی. بۆیە دەبێ بە خێرایی ڕێچارە بدۆزرێتەوە.”

پلاسخارت، تەنگژەی یاسای کورتهێنانی بودجەی بە پرسی فیدراڵیزمەوە لە عێراق گرێ دا و گوتی کە ”لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، زۆر دەرفەت هەبوون بۆ گەییشتن بە بنەما، یاسا و ڕێنوێنی ڕوون و دیار. ئێستا دەبێ بە خێرایی ڕێککەوتنێک لەسەر چۆنیەتیی باشکردنی سیستەمی فیدراڵی ئەنجام بدرێت.”

ڕاپۆرتەکەی پلاسخارت، زەنگی مەترسییە بۆ عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی شەشی ساڵی دابێ و دواتر. ئەم ڕاپۆرتە کورتە، ڕەنگدانەوەی بۆچوونی ڕێکخراوێکی بێلایەنی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانە کە نزیکەی سی ساڵە لە عێراق بارەگا و شارەزای هەن و ڕێنماییەکانی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە هەند وەردەگیرێن. 

دەربڕینەكانی پلاسخارت، پاڵپشتییەکی دیارە بۆ داواکارییە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان لەمەڕ پرسی بودجە و فیدراڵیزم لە عێراقدا. ئەم راپۆرتە، هاوکات، بەدەنگەوەچوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیشە بۆ داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەسەر یاسای کورتهێنانی بودجە و کێشە قووڵەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. پلاسخارت گوتی كلیلی سەقامگیریی عێراق، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە.

سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی سەقامگیر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و بۆ ئەم مەبەستەیش ئامادەیی کوردستانی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک دەربڕیوە. ئەم هەوڵانە کە هەم لە لایەن هەرێمی کوردستان و هەم لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە زۆر بە هەند وەرگیراون و بەڕێوە براون، لە قۆناغی یەکەمدا ڕێککەوتنی شنگالیان لێ کەوتەوە کە بە هەموو پێوەرێک ڕێککەوتنێکی مێژوویی و سەرکەوتوو بووە، بە تایبەت بۆ هاووڵاتیانی ئێزدیی ناوچەکە. 

هەر بۆیەیشە، کاتێک پەرلەمان دەستکاری پرۆژەیاسای بودجەی کرد و قووتی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی، سەرۆکی هەرێم بە ڕاشکاوی پرۆژەیاساکەی ڕیسوا کرد و کێشەکەی بە پرسی تێنەگەییشتن لە سیستەمی فیدراڵییەوە بەستەوە.

هەر بۆیە، پێویست دەکات گوێ بۆ قسەکانی پلاسخارت زۆر شل بکرێت و تێبینییە جیددییەکانی زۆر بە هەند وەربگیرێن.





ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad