ZNA - ههولێر
سەرکۆماری ئێران، حەسەن رۆحانی، تیرۆرکردنی زانای ئێرانی، موحسین فەخریزادە-ی وەک تەڵەیەکی ئیسرائیل ناوبرد و وتی، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتێکی گونجاودا وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە.
رۆحانی لە میانەی گوتەیەکی لە کۆبوونەوەی دەزگای نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، باسی لەوە کرد کە فەخریزادە نەک تەنها لە بواری بەرگری و وزەی ئەتۆمدا بەڵکو لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا لێکۆڵینەوەی هەبووە.
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە ئیسرائیل لەپشت تیرۆرکردنی فەخریزادەوەیە، ئەنجامدانی ئەم کارەشی لە ئێستادا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دۆناڵد ترمپ کەمتر لە دوو مانگی ماوە لە پۆستەکەیدا و دەیەوێت پێش لاچوونی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا پشێوی زیاتر لە ناوچەکەدا بنێتەوە.
حەسەن رۆحانی گوتیشی: "دوژمناینی ئێران باش دەزانن کە گەل و بەرپرسانی ئێران ئەوەندە توانا و بوێرییان هەیە، نەهێڵن ئەم تاوانە بێوەڵام بمێنێتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کاتێکی گونجاودا وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە. گەلەکەمان ئەوەندە ژیر و دانایە کە نەکەوێتە تەڵەکانی زایۆنیزمەوە."
دوێنێ لە شارۆچکەی ئابسەردی سەر بە تاران زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە کە لەو وڵاتەدا بە باوکی وزەی ئەتۆم ناسراوە، تیرۆر کرا، بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری تیرۆرەکە ناودەبەن.
دوێنێ ههینی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئێران IRNA پشتڕاستی کردەوە گەورە زانایەکی ناوەکی وڵاتەکەیان لە نزیک تارانی پایتەخت بە دەستی ژمارەیەک چەکدار کوژراوە، وتیشی، ژمارهیهك چەکدار ئۆتۆمبیلەکەیان کردووەتە ئامانج و شەڕە تەقە لە نێوان هێرشبەرەکان و پاسەوانانی موحسن ڕوویداوە و لە ئاکامدا بە سەختی برینداربووە و براوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دواتر لەبەر سەختی برینەکەی مردووە.


ئاژانسهكان
ئەم هەواڵە 322جار خوێندراوەتەوە |