ZNA – هەولێر
دوو رۆژ دوای کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران، پەرلەمانی ئێران رەزامەندی نیشاندا لەسەر پڕۆژە یاسای تایبەت بە زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وڵاتەکەدا.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە کۆی 246 ئەندامی پەرلەمان 232 پەرلەمانتار بە پڕۆژە یاساکە رازیبوون، کە تێیدا رەزامەندی دەدات بەبەرهەمهێنانی کۆی 120 کیلۆگرامی ساڵانە لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی 20٪ لە وڵاتەکەدا بەرز دەکاتەوە، پڕۆژە یاساکە پێچەوانەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
پڕۆژە یاساکە ناونراوە رێوشوێنە ستراتیژییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا، بەئامانجی ناچارکردنی واشنتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، هەروەها تێیدا رەزامەندی لەسەر بەکارخستنەوەی وێستگەی (ئاراک)ی ئەتۆمی دراوە، کە بە ئاوی قورس کاردەکات.
ئەم پڕۆژە یاسایە بە کردەنی تاران دەخاتە دەرەوەی چوارچێوەی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە ئێرانی ناچاردەکرد بەنزمهێشتنەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستی 3،67%.
بەپێی بڕیارەکە، پاش سێ مانگ لە پەسندکردنی، ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندییەکانی خۆی بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە سەلماند، ئەوکات حکومەتی ئێران پڕۆژە یاسایەکی نوێ دەخاتە بەردەم پەرلەمان، بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پابەندییەکانی بەخاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی.
ئەم هەواڵە 283جار خوێندراوەتەوە |