ZNA- هەولێر
میدیاكانی عێراق هەواڵی كوژرانی فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەروازەی قائیم لە رۆژئاوای عێراق بڵاو دەكەنەوە، بەڵام حەشدی شەعبی هەواڵەکە رەتدەکاتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگری عێراقی هەواڵی كوژرانی موسلیم شەهدان، فەرماندەی سوپای پاسداران و سێ لە پاسەوانەكانی لەسەر سنووری نێوان عێراق سووریا پشتڕاستكردوەتەوە و دەڵێن "تاوەكو ئێستا دیار نییە هێرشەكە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان یان بە رێگەی دیكە ئەنجامدراوە".
قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار رەتیكردەوە هیچ كردەوەیەكی تیرۆركردن لە ناوچەكە روویدابێت و گوتی: "هیچ شتێك لە قائیم رووینەداوە، دەنگۆكانی روودانی كردەوەی تیرۆریستیش راست نییە و هیچ فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە سنووری ئێمە تێنەپەڕیووە."
دەگوترێت چەند دەروازەیەکی نافەرمی لە نێوان سووریا و عێراق لەو ناوچەیەدا هەن، كە لەژێر كۆنتڕۆڵی كەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقدان، لەو رێگەیانەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە عێراقەوە دەچنە نێو سووریا.
چاودێران هۆكاری رەتكردنەوەی تیرۆركردنی فەرماندەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەلایەن فەرماندەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە كە نایانەوێ لەبارەی پەڕینەوەی فەرماندە ئێرانییەكان لە عێراقەوە بە ئاراستەی سووریا بێ گرتنەبەری رێوشوێنی فەرمی و یاسایی تووشی شەرمەزاری بن.
ئەم هەواڵە 409جار خوێندراوەتەوە |