ZNA- هەولێر
دژە تیرۆری عێراق، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا لە چیای قەرەچووخی سەر بە قەزای مەخموور شەش چەکداری داعش کوژران.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆر دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە چیای قەرەچووخ لە سنووری مەخموور کردووە، کە ناوچەیەکی جوگرافی سەختی هەیە.
دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، دوای وەرگرتنی زانیاری هەواڵگری و زانینی ئەو راستیەی کە لە ئەشکەوتێکدا چەکدارانی داعش هەن، هێزەکانیان هێرشەکەیان کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ شەش چەکداری داعش روویداوە و لە ئەنجامدا 3 چەکداریان کوژران، 3 دیکەیان هەوڵی راکردنیان داوە، بەڵام لە لایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆردوومانکراون و سەرجەمیان کوژراون، چەکدارێکی هێزەکانی دژە تیرۆریش بە سووکی برینداربووە.
ئەم هەواڵە 436جار خوێندراوەتەوە |