ZNA- هەولێر
تا ئێستا ھەشت بنکەی چەکدارە نایاساییەکان چۆل کراون کە دووانیان لە سەنتەری شاری شنگال، رادەستی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کراونەتەوە.
لە سەنتەری شاری شنگال و ناحیەی سنونێ دوو بنکەی دیکە ماون بۆ چۆلکردن ئەوانیش تا نیوەڕۆی ئەمرۆ دوا مۆلەت بە چەکدارە نایاساییەکان دراوە کە چۆلی بکەن.
بەپێی زانیارییەکان بۆ چۆل نەکردنی بنکەکانیان لە ناحیەی سنونێ و شنگال چەکدارە نایاساییەکان، خەڵکی ناوچەکە وەک غەڵغان بەکار دەھێنن، بەڵام ھێزەکانی عێراق دوا مۆلەت تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئەوانیان داوە کە چۆلی بکەن.
بڕیار بوو ھەفتەی رابردوو دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەشی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت، بەڵام ئوپەراسیۆنی پاککردنەوەی شنگال لە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و ئەو چەند رۆژەیش وەک دەرفەتێک بەو ھێز و چەکدارانە دراوە بۆ ئەوەی شنگال چۆل بکەن یان چەکەکانیان دابنێن.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
ئەم هەواڵە 430جار خوێندراوەتەوە |