ZNA – هەولێر
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، عەبدولئەمیر شەممەری رایگەیاند، نزیکەی هەزار سەرباز رەوانەی شنگال دەکەن.
عەبدلئەمیر شەممەری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، "٧٥٠ بۆ هەزار سەرباز رەوانەی شنگال دەکەین"، بەڵام کاتی ناردنی ئەو سەربازانەی بۆ شنگال ئاشکرا نەکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای عێراق رایگەیاند کە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستی پێکردووە.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال و ھاتووە: "لە چوارچێوەی پلانەکەدا، دووبارە دابەشکردنی یەکەکان و بەرپرسیارییەتی ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال دیارییکراوە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش ھاتووە "ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئاسایش و سەقامگیری لە قەزای شنگال و یەکە کارگێرییەکانی بەدی دێت".
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
ئەم هەواڵە 448جار خوێندراوەتەوە |