ZNA - ههولێر
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار و 26 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆینیان لە ئاکرێ راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2020 بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "دوای داڕشتنی پلانێکی تۆکمە کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و چاودێری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئاکرێ"، توانیان دەست بەسەر 26 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆین لە چوارڕیانی شێخان لە ئاکرێ بگرن.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، تاوانبارەکان دانیان بە تاوانەکەیان ناوە، پاشان بەپێی ماددەی 14ـی یاسای هۆشبەر رەوانەی دادگا کراون و پەڕاوی لێکۆڵێنەوەیان بۆ کراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو دوو تاوانبارەکە یەکێکیان خەڵکی شێخانە و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی ئاکرێیە، و لەدایکبووی 1975 و 1971ـن.
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەر زیاتر لە 34 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و سێ تۆمەتباریشیان دەستگیرکردووە.
ئەم هەواڵە 535جار خوێندراوەتەوە |