ZNA - ههولێر
ههفتهی رابردوو ئاژنسی USCIS بهفهرمی رایگهیاند، گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکانی بۆ بەدەستهێنانی وڵاتنامەی ئهمهریكی كرا بۆیه ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی لە ئەمەریکان و دەیانەوێت ببن بە هاووڵاتی ئەمەریکا، بۆ وەرگرتنی رهگهزنامهی ئهم وڵاته ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی درێژ و قورستر دەبنەوە.
تاقیکردنەوە نوێیەکە لە 128 پرسیار پێکهاتووە لەسەر مێژوو و حکومەتی ئەمەریکا کە پێشتر لە 100 پرسیار پێکهاتبوو. هەر کەسێک لە پاش 1 ی مانگی 12 ی ساڵی 2020 وە فۆرمی بوون بە هاووڵاتی ئەمەریکا پڕ بکاتەوە ئەوا پێویستە تاقیکردنەوە نوێیەکە ئەنجام بدات.
خزمەتگوزاری ڕەگەزنامەو کۆچبەری ئەمەریکا ناسراو بە USCIS کە ئاژانسێکی فیدراڵییەو سەر بە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانییە، سیستمی بە هاووڵاتی بوون و کۆچبەری بەڕێوەدەبات، لە ساڵی 2019بۆ یەکەم جار لەوەتای 2008 وە ڕایگەیاند گۆڕانکاری لە تاقیکردنەوەکانی بۆ بەدەستهێنانی وڵاتنامە دەکات. لە هەفتەی ڕابوردوو بە فەرمی هەنگاوەکەی ڕاگەیاند.
کێن کاکسینێڵی کە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەدا بەرپرسی USCISبوو بە وەکالەت گوتی " نوێکردنەوە، چاکسازیکردن و بەرەوپێشبردنی تاقیکردنەوەیەک کە لەگەڵ دۆخێ ئێستا بگونجێت بەرپرسیارێتی ئێمەیە وەکو ئاژانسێک بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو کەسانە بکەین کە دەخوازن ببن بە هاووڵاتی ئەمەریکا تا بە تەواوەتی لە ماناو بەهاکانی بوون بە ئەمەریکایی تێبگەن."
لە تاقیکردنەوەکەدا 20 پرسیار لەو 128 پرسیارە هەڵدەبژێردرێن و پێویستە وەڵامی 12 یان ڕاست بن . پێشتر 10 پرسیار هەڵدەبژێردران و پێوستی بە وەڵامدانەوەی ڕاستی شەش لەوانە هەبوو بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە.
نانسی نیوتن بهڕێوەبەری بەرنامەی ئامادەکاری هاووڵاتی لە زانکۆی مۆنگەمری مەریلاند، ڕایگەیاند، بۆ دەربازبوون لە تاقیکردنەوە نوێیەکە پێویستە کەسەکە ئینگلیزییەکی باشتر قسەبکات و تێبگات، کە پێشتر خەڵی بە ئینگلیزییەکی سەرەتاییەوە دەیتوانی لە تاقیکردنەوەکە دەربازبێت.
چی گۆڕاوە؟
لە کاتێکدا ژمارەی پرسیارەکان زیادیان کردووە، بەڵام USCIS دەڵێت ڕێژەی دەرچوون لە تاقیکردنەوەکە هەر 60% و نەگۆڕاوە. هەروەها بەشێکی زۆری پرسیارەکانیش نەگۆڕاون تەنها داڕێژراونەتەوە و هەندێکیشیان پێویستی بە شیکردنەوەی زیاترە بۆ وەڵامدانەوە.
بۆ نمونە لە تاقیکردنەوەی پێشووتر پرسیار دەکرا " 13 ویلایەتی سەرەکی هەبوون، ناوی سیانیان بڵێ."لە ڤێرژنە نوێیەکەدا پرسیار دەکرێت " 13 ویلایەتی سەرەکی هەبوون ناوی پێنجیان بڵێ."
یان لە بری ئەوەی پرسیار بکرێت " دوو مافی هەموو کەسێك کە لە ئەمەریکادا دەژین چیین؟ " پرسیار دەکرێت سێ مافی هەموو کەسێك کە لە ئەمەریکادا دەژین چین؟"
ژمارەیەک لە چالاکوانانی مافی پەنابەران لە ئەمەریکا ڕەخنەیان لە تاقیکردنەوەکە گرتووەو دەڵێن هەندێک لە پرسیارەکان سەختتر کراون بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە بیسەلمێنێت پێویستە وای لێبکرێت.
ئارون ڕیچلن ملنیک لە ئەنجومەنی کۆچبەری ئەمەریکا دەڵێت پرسیارەکان لە سەر هەڵوێستی سیاسی ورد دانراون " بۆ نمونە یەکێک لە پرسیارەکان بە تایبەتی نیگەرانی لەسەر بە سیاسەتکردنی بابەتەکە دێنێتە گۆڕێ.
لە تاقیکردنەوە کۆنەکەدا پرسیار دەکرا " سیناتۆرێکی ئەمەریکا نوێنەرایەتی کێ دەکات؟ وەڵامە پێشنیازکراوەکە ئەوە بوو ' هەمو خەڵکی ئەو ویلایەتەی کە سیناتۆرەکە نوێنەرایەتی دەکات'.
لە تاقیکردنەوە نوێیەکەدا وەڵامی هەمان پرسیار ئەمەیە ' هاووڵاتیانی ویلایەتەکەیان' " ڕیچلن ملنیک دەشڵێت " ئەمە ڕاست نییە. ئەندامانی کۆنگرێس نوێنەرایەتی هەمو ئەوانە دەکەن کە لە ویلایەتەکەیاندا دەژین، بێ گوێدان بەوەی هاووڵاتی ئەمەریکان یان نا. ئەمەش بەو شێوەیە بووە لەوەتای ئەم وڵاتە دامەزراوە."
هەتا ئێستا ڕوون نییە ئایا سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن گۆڕانکارییەکان لادەبات یان نا.
voa
ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە |