ZNA- هەولێر وتەبێژی شارەوانی ھەولێر دەلێت، بەپێی رووپێوێكی مەیدانی، كە لە ھەموو شارەكانی عێراق ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بزانن پاكترین و پیسترین شارەكانی عێراق كامانەن، دەركەوتووە كە ھەولێر پاكترین شارە و بەسڕاش پیسترین شارە.
سیامەند كەریم، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند : بەپێی رووپێوێكی مەیدانیی كەناڵێكی ئاسمانیی عێراقی جیھانی بە ناوی (یو تی ڤی) كە رووپێوەكەیان لە ھەموو شارەكان ئەنجام داوە، پاكترین شار ھەولێر و پیسترین شاریش بەسڕا بووە، چەند ھۆكارێكیش بوونەتە ھۆی ئەوەی ھەولێر پاكترین شار بێت، ئەوانیش بریتین لەوەی، لە ھەولێر رۆژانە زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و شار پاك دەبێتەوە، ئەمە ھۆكاری سەرەكییە و خاوێنكردنەوەی شەقامەكانیش یەكێكی دیكە لە ھۆكارەكانە، هەروەها هۆكارێكی تریش ئەوەیە، كە ئێمە جیا لە ھەموو شارەكانی دیكە، ھەولێرمان بەسەر شەش زۆندا دابەش كردووە، كە شەش شارەوانی ھەیە".
سیامەند كەریم گووتی: "ھەر شارەوانییەك تیمێكی تایبەت بە خۆی ھەیە و رۆژانە گەڕەك و كۆڵانەكانی شار پاك دەكەنەوە و رێگە نادەن پیس بێت و بەردەوام بە خاوێنی رایدەگرن و ناهێڵن لە یەك شوێن زبڵ و خاشاك كەڵەكە بێت و كۆی دەكەنەوە.
هەروەها سیامەند کەریم ئەوەشی بۆئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی خستەروو گووتی: "خەڵكی شاری ھەولێر ھۆشیار بوونەتەوە و خەڵك گەشت دەكات و سوود لە وڵاتان وەردگرن، بۆیە ئەمە وای كردووە كە ھەولێر ببێتە پاكترین شاری عێراق، كە ئەمەش دەستكەوتێكی باشە و رووپێوەكەش ئێمە ئەنجاممان نەداوە و كەناڵێكی عێراقی ئەنجامی داوە.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 451جار خوێندراوەتەوە |