ZNA-هەولێر لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، 10/1/2021 پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە.
دوای كۆبوونەوەی نێوان ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و د. عەبدولرەزاق فەتاح، بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندن لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا عەبدولسلام دۆڵەمەری، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لەبارەی پەروەردە و خوێندن كردووە و گوتی: "لەبارەی چارەنووسی پرۆسەی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لە 10/1/2021 پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكان دەست پێبكەنەوە".
گوتیشی: "ھەردوولامان ھاورابووین كە مەھنەج لە خوێندنی ئەمساڵ تەواو بكرێت، و لەبارەی تاقیكردنەوەكانی تەمھیدی پۆلی 12ی ئامادەیی، كە ساڵانی رابردوو قوتابیان لە گوند و ناحییە و قەزاكان دەبوایە بێن لە سەنتەری شارەكان تاقیكردنەوە بكەن، بۆ ئەمساڵ بڕیاردرا ھەر قوتابییەك لە قەزاكانی خۆیان ئەو تاقیكردنەوەیە بكەن".
لەبارەی كرێی خوێندن، گوتی: "لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بریكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاردرا كرێی خوێندن لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و پەیمانگاكان تایبەتەكان كەمبكرێتەوە، ھاوكات لە ھەموو قوتابخانەكان كورسی بە خۆڕایی بۆ كچ و كوڕی شەھیدان دابین دەكرێت".
عەبدولسەلام دۆڵەمەری، ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوەكراوەتەوە كە دەبێ زانكۆ و پەیمانگاكان پابەندی ئەو بڕیارەبن كە ساڵی پار بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن دیار كراوە و بەدواداچوونیش بۆ ئەم مەبەستە دەكرێت، ھەر پەیامانگا و زانكۆیەك پارەی زیاتری لە قوتابیان وەرگرتبێت دەبێ پارەكە بۆ قوتابیان بگەڕێندرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش ھەمان كرێ بۆ خوێندن وەردەگیرێت".
ئەم هەواڵە 1786جار خوێندراوەتەوە |