ZNA – هەولێر
ئەمڕۆ بەریتانیا یەكەم ژەمە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەداتە هاووڵاتیان و كارمەندانی تەندروستی و خزمەتكارەكانی ماڵان.
تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، یەکەم ژەمە ڤاکسینەکان بۆ کەسانی بەساڵاچووی سەروو ٨٠ ساڵان، کەسانی کارمەندی تەندروستی و پزیشكان، ئەو کەسانەی لە ماڵەکان خزمەت دەکەن دەبێت.
بەریتانیا یەکێكە لەو وڵاتانەی کە بە خراپی کۆرۆنا کاری لێکرد، زیاتر لە 61 هەزار کەسی لە وڵاتەکە کردە قوربانی، هەفتەی رابردوو حکومەتی وڵاتەکە رایگەیاند وەک یەکەم وڵات ڤاکسینی دژەکۆرۆنای پەسەندکردووە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی فایزەر-بیۆنتێكەوە بەرهەمهێندراوە.
دۆزینەوە و بەکارهێنانی ڤاکسین داهێنانێكی گەورەیە لە جەنگی دژی پەتای کۆرۆنا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار کەسی کوشتووە.
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە خۆی چەند رۆژێكی بەهۆی کۆرۆناوە لە چاودێری چر بەسەربرد، دەڵێت بەکارهێنانی ڤاکسین کاریگەرییەکی زۆری دەبێت و هەنگاوێكی پێشكەوتووە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.
ئەم هەواڵە 301جار خوێندراوەتەوە |