ZNA - ههولێر
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئێران ڕایگەیاند لەسەر ئەو دەستوەردانی کە ئەردۆغان لە شێعر خوێندنەوەیێکدا لە باکۆ ئەنجامیداوە، باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵات کراوە.
رۆژی پێنجشەممە 10-12-2020 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاهەنگی "سەرکەوتنی ئازەربایجان" لە شەڕی قەرەباخ گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا بەشێک لە گۆرانییەکی خەڵکی ئازەربایجانی بەناوی "ئاراس ئاراس" گوتەوە کە باس لە خەمەکانی خەڵک لەگەڵ رووباری ئاراس دەکات.
ئەو بەشەی شیعرەکەی بەو شێوەیە "ئاراسیان دابڕی و بە بەرد و گڵ پڕیانکرد. من لە تۆ جودا نەدەبووم، بەزۆر لەیەکدییان دابڕین".
وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئێران ڕایگەیاند: دوێنێ هەینی باڵیۆزی تورکیا لە تاران لەلایەن بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی ئووراسیاوە بانگهێشتی وەزارەتی دەروە کراوە و وێڕای ڕاگەیاندنی ناڕەزایی توند، بۆ باڵیۆزی تورکیا جەخت کراوەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیارە بەزووترین کات دەوڵەتی تورکیا ڕوونکردنەوە لەو بارەوە بدات.
خەتیب زادە زیاتر وتی: لەو بانگهێشت کردنەدا بە باڵیۆزی تورکیا ڕاگەیێندراوە کە سەردەمی ئیدیعای خاک و ئیمپراتووریەتە شەڕ هەڵگرسێنەکان ساڵەهایە کۆتایی هاتووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لهوهش كرد، بۆ باڵیۆزی تورکیا جەخت کراوەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەت بە هیچ کەس و لایەنێک نادات دەستوەردان لە سەروەریی خاکی وڵاتەکەی بکات بەو شێوەیە مێژوو شایەتی دەدات لەسەر ئاسایشی خۆی چاوپۆشی لەکەس ناکات.
کوردپرێس
ئەم هەواڵە 262جار خوێندراوەتەوە |