ZNA- هەولێر
بڕیارە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی داهاتوو، شای ئوردن و سەرۆك كۆماری میسر بانگهێشتی عێراق بكات و لووتکەی سێقۆڵی هەرسێ وڵات لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت.
میدیایی فەرمی حکومەتی عێراق بڵاوی كردۆتەوە و نوسیویەتی، بڕیارە لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵا شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆك كۆماری میسر لە بەغدا كۆببنەوە. کۆبوونەوەکە بۆ "تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە و بەهێزكردنی هاوكاری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانە لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن".
رۆژی شەممەی 12-12-2020 ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی وەزاری تایبەت بە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە قاهیرەی پایتەختی میسر كۆبوونەتەوە.
ئەحمەد دلێمی، باڵیۆزی عێراق لە میسر و نوێنەری هەمیشەیی لە كۆمكاری عەرەبی گوتی "خالید بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق كە سەرۆكایەتی شاندی عێراقی دەكات لە میسر، جگە لە گفتوگۆ بۆ كاراكردنەوەی ئەو رێككەوتنانەی پێشتر واژۆیان كردوون، ژمارەیەك رێككەوتننامەی نوێی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆكردووە".
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |