English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قوباد تاڵەبانی : گفتوگۆکان بەردەوامی ھەیە و کۆتایی نەھاتووە 
2020-12-14 [05:55 AM]

ZNA- ھەولێر 


سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا رایدەگەیێنێت، ئامادەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام چاوەڕوانی حکومەتی عێراقن بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە کە بەرامبەر پێدانی داھاتی نەوتی و نانەوتی چەندێک پارە بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، دەشڵێت، "گفتوگۆکان بەردەوامن و شکستیان نەھێناوە".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، "داوا لە ھەموو لایەک دەکەین سەبریان ھەبێت و ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی حەقی ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و دڵنیام دەگەینە ئەنجامێکی سەرکەوتوو". 
 
قوباد تاڵەبانی بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە رۆژی چوارشەممەوە چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی جێبەجێ بکەن، "ئەم یاسایە بەبێ بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، سەرەڕای تێبینییەکانیشمان لەسەر یاساکە، ئێمە ھاتووین جێبەجێی بکەین" و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەیان کردووە.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، دەیانەوێت روونی بکەنەوە، "ئەم یاسایە داوا لە ھەرێمی کوردستان دەکات، داھاتی نەوتی رادەست بکەین، ئامادەین.. داوامان لێدەکات داھاتی نانەوتی رادەست بکەین، ئامادەین، ئێستا ئێمە چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵی پێمان بڵێت، لە بەرامبەر رادەستکردنی داھاتی نەوتی و نانەوتی، بەشی ھەرێمی کوردستان لەم یاسایە چەندە و ئەم گفتوگۆیە بەردەوامە". 

جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لێدوانی جۆراوجۆری "بینیوە و بیستووە" لەلایەن کەسانی دیکەوە کە باسیان لەوە کردووە، دانوستاندنی ھەرێمی کوردستان و عێراق "شکستی ھێناوە.. و وەستاوە، من دەمەوێت خەڵک دڵنیا بکەمەوە ئەم گفتوگۆیە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو بگەینە ئەنجامێک". 

بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، شاندەکە بۆ داواکردنی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران چوونەتە بەغدا، "نەھاتووین خەڵک خێرمان پێبکات، یاسایەک دەرچووە و ناوەڕۆکەکەی روون و ئاشکرایە و ئێمە ھاتووین ئەو یاسایە جێبەجێ بکەین". 

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە بەغدا دەمێننەوە "تاوەکو دەگەینە ئەنجامێکی سەرکەوتوو بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان"، ئاماژە بەوەشدەکات، بەھۆی ئەو دۆخە سیاسییەی کە ھەیە، بارودۆخەکە ئاڵۆزتر کراوە و داوا دەکات خەڵک "سەبری ھەبێت، دڵنیاشم دەگەینە ئەنجامێکی سەرکەوتوو". 





ئەم هەواڵە 400جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad