ZNA-هەولێر
جۆ بایدن كاندیدی براوەی دیموكراتەكان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا توانی 306 دەنگی لە كۆمەڵەی هەڵبژێردا بەدەست بهێنێت، بەوەش ئەو سەرۆکە دیموکراتە، دەنگی پێویستی بۆ بوونە سەرۆکی ئەمریکا بەدەستهێنا، کە دەبوو لانیکەم 270 دەنگ بێت.
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، 232 دەنگی كۆمەلەی هەڵبژێری بەدەستهێنا، بەپەسندکردنی دەنگی ئەو كۆمەلەیە، جۆ بایدن دەبێتە چل وشەشەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا، كۆمەڵەی هەڵبژێر سەرۆکی وڵات دیاریدەکات، ئەو ئەنجوومەنەی نوێنەرانی هەموو ویلایەتەکانی وڵات لە خۆ دەگرێت و ئەوان دەنگ بەو کەسە دەدەن، کە دەبێتە سەرۆکی وڵاتەکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
بایدن بەڵێنیدا سەرۆکی هەموو ئەمریکییەکان بێت، "کاردەکەم لەپێناو هەموو ئەوانەدا کە دەنگیان پێدام و ئەوانەشی دەنگیان پێنەدام".
بایدن، هەموو رێوشوێنە یاساییەکانی خۆی بۆ گەیشتنە کۆشکی سپی تێپەڕاندووە، تەنیا ماوە لە رۆژی شەشی کانوونی دووەمی داهاتوودا، کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر ئەنجامی دەنگدانی ئەنجوومەنی هەڵبژێربدات، بەرلەوەی لە رۆژی 20ی هەمان مانگدا، ئەو وەک سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوێندی یاسایی بخوات.
ئەم هەواڵە 148جار خوێندراوەتەوە |