ZNA – هەولێر
بەگوتەی دەستەی گشتی ئامارەكانی توركیا مانگی رابردوو زۆرترین كڕیاری خاتووبەرە زەوی لە توركیا عێراقیەكان بوون.
داتاکانی دەستەی گشتیی ئامارەکانی تورکیا ئەوە ئاشكرا دەكەن، فرۆشتنی خانووبەرە و زەویوزار لە تورکیا لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی 2020دا بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو 2019، بە رێژەی 18.7% زیادیکردووە.
تەنیا لە مانگی رابردوودا، 112 هەزار و 483 خانووبەرە و زەوی وزار لە تورکیا بە خەڵکی بیانی فرۆشراون، لە ئیستەنبووڵ کە زۆرترین فرۆشی تێدا تۆمارکراوە، 21 هەزار و 158 خانووبەرە بە کەسانی بیانی فرۆشراون، ئەنقەرە لە ریزبەندی دووەمدا دێت، بە فرۆشتنی 10 هەزار و 710 خانووبەرە، هەروەها ئیزمیر بە فرۆشتنی شەش هەزار و 574 خانووبەرە لە ریزبەندیی سێیەمدا خۆی گرتەوە.
زۆرترین فرۆشی خانووبەرە و زەوی وزار لەمساڵەدا لە مانگی کانوونی دووەم فرۆشران، کە تەنیا لەو مانگەدا یەک ملیۆن و 393 هەزار و 335 خانووبەرە فرۆشرابوون و رێژەی فرۆشی خانووبەرە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو بە رێژەی 21.5% زیادیکردبوو.
بەپێی دەستەی گشتیی ئامارەکانی تورکیا، عێراقییەکان زۆرترین خانووبەرەیان لە مانگی تشرینی دووەمی 2020 کڕیوە؛ بەشێوەیەک 876 خانووبەرەیان کڕیوە و لە ریزبەندیی یەکەمدان.
دوای عێراقییەکان، ئێرانییەکان بە کڕینی 860 خانووبەرە لە ریزبەندیی دووەمدا دێن، رووسەکان لەپلەی سێیەم دان بە کڕینی 434 خانووبەرە ، هاووڵاتییانی ئەفغانیش بە کڕینی 203 خانووبەرە لە ریزبەندیی چوارەم و کوێتییەکان بە کڕینی 202 خانووبەرە لە ریزبەندیی پێنجەمدا دێن.
ئەم هەواڵە 403جار خوێندراوەتەوە |