ZNA – هەولێر
رۆژی دووشەممە ی رابردوو هێزێكی پۆلیسی تایبەتی سویدی لە سویدەوە هاتوونەتە بەغدا بۆ بردنەوەی ژنێک بۆ وڵاتەكەیان کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە رێکخراو داعش.
ژنەکە دوای گەڕاندنەوەی، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دەستبەسەرکراوە، ئێستاش لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
رادیۆ سویدن رایگەیاند: هەتاوەکو ئێستا رووننەبووەتەوە، ئایا ئەم ژنە یەکێک بووە لەو چەند هاووڵاتییە سویدییەی لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر بووە یان نا.
وڵاتانی ئەوروپا، بەشێکیان داوا رەتی دەكەنەوە ئەو هاووڵاتییانەیان کە بوونەتە چەکداری داعش بیانگەڕێنەوە ووڵاتەكانیان، بەڵام سوید پرۆگرامێکی پێشنیاز کردبوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانەوە و دووبارە راهێنانیان بۆ تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە.
بەپێی رۆژنامەی ئیندیپێندەنت، نزیکەی 300 کەسی خاوەن ناسنامەی سویدی روویانکردووەتە عێراق و سووریا و بوونەتە ئەندام و چەکداری رێکخراوی داعش، لەو ژمارەیەش تاوەکو ساڵی 2016، نزیکەی 150 کەسیان گەڕاونەتەوە.
ئەم هەواڵە 379جار خوێندراوەتەوە |