ZNA ــ هەولێر
زۆرجار نەخۆش دێتە لای دكتۆری ددان، دەڵیت: پاككردنەوەی ددان خراپە؟؟!، یان لەسەر زاری خەڵكانی ترەوە بیستوویەتی كە پاككردنەوەی ددان دەبێتە هۆی ڕووشانی مینای ددان ؟
دەبێت ئەوە بزانین كە ڕۆژانە سەدان نەخۆش سەردانی پزیشكی ددان دەكەن بۆ كێشانی ددانیان لەبەر نەخۆشی پووكیان كە بۆتە هۆی لەقینی ددانەكانیان، ئایا وەها باشە كە ددانەكانی پاكبن، واتە كلس و میكرۆبی بەسەرەوە نەبێت یان لەكۆتاییدا بفەوتێت ؟؟؟
پاككردنەوەی ددان لەلایەن پزیشكی ددانەوە زۆر گرنگە، ئەویش بەپێی جۆری نەخۆشەكە پێویست دەكات، ڕەنگە هەندێك سێ مانگ یان شەش مانگ یان ساڵ یان دوو ساڵ جارێك ددانیان پاك بكەنەوە، پاككردنەوەی ددان هیچ زیانێك بە ددان ناگەیەنێت، جگە لەسوود.
ددانی ساغ پێكهاتەیەكی زۆر ساف و ڕەقە، لەبەر ئەوە زۆر بەئاسانی پاك دەبێتەوەو میكرۆب بە ئاسانی پێوەی نالكێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر كلسی زۆر پێوەبێت ئەوا بەئەستەم پاك دەبێتەوەو میكرۆب زیاتر لەخۆئەگرێت.
بە بەردەوام كۆبوونەوەی میكرۆبیش لەسەر ددان مانای بەردەوام هەبوونی سووتانەوە (ئیلتهاب) ی پووكە كە داكشانی پووك و داخورانی ئێسكی ڕاگری ددانی بەدوای خۆی دێنێت، ئەنجامەكەشی فەوتانی ددان یان ددانەكانێتی، بەڵام بە پاككردنەوەی ددانەكانت ناوبەناو لەلایەن پزیشكی ددان گەرەنتی مانەوەی ددانەكانت دەكات.
(د. عەبدولڵا موحەمەد فەقێ موراد – پزیشكی پسپۆری دەم و ددان)
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |