ZNA- هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا كرد و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدەری هێرشەکان ناودەبات و حکومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانێت.
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لەکاتێکدا عێراق بەدەست قەیرانی کۆرۆنا و ئابووری گیریخواردووە، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەورەترین بەربەستن و ناهێڵن عێراق بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی بڕوات".
پۆمپیۆ دەشڵێت "هەر ئەو گرووپانەی هێرشدەکەنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، بە قەبارەیەکی گەورە سەروەت و سامانی گشتیی لە عێراقییەکان دەدزن و هێرشدەکەنە سەر خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان و چالاکوانان، ئاگری شەڕی ناوخۆیی خۆشدەکەن".
شەوی ڕابردوو هێرشی مووشەكی كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا، بەڵام لەڕێگەی سیستەمی دژە مووشەکەوە وەڵامی هێرشەکە دراوەتەوە.
ئەم هەواڵە 313جار خوێندراوەتەوە |