ZNA- هەولێر
بڕیاروایە ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر 4 ی ئێوارە لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپێشاندانێکی بەرفراوان دەست پێبكات دژ بە حکومەت و ئەو بڕیارەی كە بانکی ناوەندی عێراق داویەتی بۆ دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ دروستکردووە و نرخی شتومەک و کاڵاکانیش بەرزبوونەتەوە، بەشێک لە بازرگانەکانیش ئەو پێداویستی و شتومەکانەی کە هەیانە هەڵیانگرتووە نایخەنە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بە نرخی نوێ و بەرز بیفرۆشنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان زۆربەی دوکاندار و مارکێتەکانی بەغدا ئەو یەك دوو ڕۆژە نەچوونە سەر کار و دوکان و مارکێتەکانیان نەکردۆتەوە، ئەمەش وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی سوننە و شیعەش لە رێگەی راگەیێندراوی فەرمییەوە داوایانکردووە مستەفا کازمی هەرچی زووە وەزیری دارایی وەک سەرمەشقی ئەو هەنگاوە لە کارەکەی دوور بخاتەوە، ئەگەرنا ئەوان بانگهێشتی پەرلەمانی دەکەن و متمانەی لێدەستێننەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەممەی رابردوو بڕیاریداوە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 145 هەزار دینار جێگیر بکات. بانکی ناوەندیش رایگەیاند دۆلارێک بە 1450 دینار دەفرۆشێتە وەزارەتی دارایی، هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی کەمبوونەوەی داهات بەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوتەوە گەڕاندووەتەوە.
ئەم هەواڵە 349جار خوێندراوەتەوە |