ZNA- هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک پێش ئێستا وێنەیەکی مانگی دەستکرد ئاشکرای کرد، ئێران لە نزیک بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ دامەزراوەیەکی نوێی ئەتۆمی دروست کردووە.
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران لە ساڵی 2020 دا پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادکردووە، بە جۆرێک یۆرانیۆمی پیتێنراو 12 جار لەو بڕە زیاترە کە رێککەوتنی 2015 بۆی دیاری کردووە.
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تا مانگی ئەیلوول یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆگاکراوی ئێران گەیشتووەتە 2442 کیلۆگرام، ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو تاران لە 202 کیلۆگرام زیاتر یۆرانیۆم کۆگا نەکات.
هەنگاوەکەی ئێران نیگەرانی لای وڵاتانی ئەوروپا دروست کردووە کە هێشتا لەناو رێککەوتنەکەدا ماونەتەوە و پێیان وایە دەبێت بپارێزرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداری بە ئێران دەدات و پێیوایە سەرکەوتنی بایدن و ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دەرفەتێکە کە نابێت ئێران لە دەستی بدات.
سەرۆککۆماری ئێران پابەندبوونی وڵاتەکەی بە رێککەوتنەکەوە بە هەنگاوەکانی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە رێککەوتنەکە دەبەستێتەوە.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "هەر کاتێک گرووپی پێنج کۆ یەک یان چوار کۆ یەک بۆ پابەندبوونی خۆیان بە رێککەوتنەکەوە بگەڕێنەوە، ئێمەش بۆ هەموو پابەندبوونێک دەگەڕێینەوە، من پێشتر گوتوومە، ئەمە کاتی ناوێت، تەنیا پەیوەندیی بە ویستەوە هەیە."
لەلایەكی ترەوە ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند: "متمانە بە دوژمن مەکەن، ئەمە وەسیەتی روونی منە، متمانە بە دوژمن مەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک پشت بەوانی دیکە مەبەستن."
ئەم هەواڵە 136جار خوێندراوەتەوە |