English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکە دەدات
2020-12-22 [10:15 AM]

ZNA ــ هەولێر


وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی ئاگاداردەکاتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ.

 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەسەرە و ئەمرۆ دووشەممە دەرچووە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی پارێزگا، ئیدارە و قەزاکان ئاگاداردەکاتەوە لەوەی: "ئامادەکاریی بکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ هەر ئەگەرێکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نوێ کە ئێستا لە بەریتانیا راگەیێندراوە".

 

وەزیری تەندروستی دەڵێت: "پێویستە بە وردی چاودێری هەموو گەشتیار و کەسێک بکەن کەوا راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان کاری پێویست ئەنجامبدەن بە تۆمارکردن و چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان لەکاتی ئێستا بۆ پشکنین و پەیوەندیکردن پێیان، دواتر لە رێکاری نوێ و پێشوەچوونەکان ئاگادارتان دەکەینەوە".

 

بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەگوترێت لە بەریتانیا سەریهەڵداوە و بەهێزترە، چەند وڵاتێکی ئەوروپی گەشتیان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکانیان قەدەخەکرد یاخود بەنیازی قەدەخەکردنین.

 

هەریەکە لە هۆڵەندا و بەلجیکا گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ بەریتانیا هەڵپەساردوون، ئیتاڵیاش بەنیازی گرتنەبەری هەمان رێکارە. هاوکات بەلجیکا جگە لە هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی لەگەڵ بەریتانیا، گەشتکردنی بە شەمەندەفەریش لەو وڵاتەوە هەڵپەساردووە.

 

پێشبینی دەکرێت ئێرلاند لە نیوەشەوی ئەمشەوەوە گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ بەریتانیا سنووردار بکات، فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە تاوتوێی گرتنەبەری هەمان جۆری رێکار دەکەن.

 

ڤایرۆسە نوێیەکە لە لەندەن و باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

 

نزیکەی هەفتەیەکە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و بەشێک لە پزیشکان پێیانوایە رەنگە ڤاکسینە نوێیەکانیش نەتوانن لەناوی ببەن، رۆژی شەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیاریدا جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ درێژبکاتەوە، ئەویش بە چوار قۆناخی جیاواز دەبێت.

 

بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتە دەڵێن، هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەم جۆرە  ڤایرۆسە کوشندەتر بێت یاخود مامەڵەی بەرامبەر ڤاکسینەکان جیاواز بێت، بەڵام ئەوە سەلماوە کە ئەگەری گواستنەوەی 70% زیاترە.

 

کام وڵات رێکاری گرتووەتەبەر و چۆن رێکارەکانیان گرتووەتەبەر؟

 

لە ماوەی چەند کاژێری سەرەتای راگەیاندنی ڤایرۆسە نوێیەکەی کۆرۆنا لەلایەن بەریتانیاوە، هۆڵەندا رایگەیاند، تاوەکو 1ی کانوونی دووەمی 2021 قەدەخەی هاتنی هەموو گەشتیارێک دەکات لەو وڵاتەوە.

 

سەرەڕای قەدەخەی تووندی هاتووچۆ و رێکارە تووندەکانی کە لە 14ی کانوونی یەکەمەوە گرتوونیەتەبەر، لە بەریتانیا ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی کانوونی دووەم زیاتر لە 13 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون.

 

بەلجیکا کە لە ئەمشەوەوە گەشتی ئاسمانی و شەمەندەفەر لە بەریتانیاوە هەڵدەپەسێرێت، ئەلیکساندەر دوکرۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەڵێت، هەڵپەساردنەکە لانیکەم بۆ ماوەی 24 کاژێر دەبێت و "ئەگەر دواتر بە پێویستمان زانی رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر".

 

لویگی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە فەیسبووکی خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی وڵاتەکەی خەریکی گرتنەبەری رێوشوێنە بۆ هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی لە بەریتانیاوە.

 

لە ئێرلاند، گفتوگۆی بەپەلە لەوبارەیەوە کراوە و ستیڤن دۆنەلی، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە گوتوویەتی، پێشبینی دەکات بڕیارێک بدەن لەبارەی گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەیان. مارتینا فیتز، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش دەڵێت، وڵاتەکەی بەنیازە بژارەی سنووردارکردنی گەشت لەگەڵ بەریتانیا بگرێتەبەر، پلانەکانیش بۆ ئەو مەبەستە ئامادەن.

 

میدیاکانی فەرەنساش دەڵێن، حکومەتی ئەو وڵاتە "بە جیددی" تاوتوێی هەڵپەساردنی گەشتی ئاسمانی و شەمەندەفەر لە بەریتانیاوە دەکات و حکومەت "چاوەڕێی هاوئاهەنگیی وڵاتانی ئەوروپییە".

 

ئارانچا گۆنزالیز، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەوەی خستووەتەڕوو، وڵاتەکەی خوازیاری بڕیارێکی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەوروپایە لەسەر ئەو پرسە.

 

بەپێی میدیاکانی نەمساش، ئەو وڵاتە پلانی هەڵپەساردن و قەدەخەکردنی گەشتی ئاسمانیی هەیە لە بەریتانیاوە.

 

ڤایرۆسە نوێیەکە

 

لە بەریتانیا، ڤایرۆسەکە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا ناسێنرا، ئەوەش لەڕێگەی سامپڵێکەوە کە لە مانگی ئەیلوول وەرگیرابوو.

 

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، هەمان ئەو گۆڕانکارییانە لە وڵاتانی هۆڵەندا، دانیمارک و ئوسترالیا بینراون، بەڵام ژمارەی تووشبووەکان لەو وڵاتانە لە مانگی ئەیلوولدا کەم بوون، بەشێوەیەک لە دانیمارک نۆ تووشبوو و لە هەریەکە لە دوو وڵاتەکەی دیکەش یەک تووشبوو تۆمارکراون.

 

ڤایرۆسە نوێیەکە لە ڤایرۆسەکەی پێشوو خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گۆڕانکارییە جینییەکانی و چۆنێتی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر کۆڤید 19 بە ناڕوونی ماونەتەوە.

 

 

 

 





ئەم هەواڵە 271جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad