ZNA ــ هەولێر بەرپرسێکی باڵای تەندروستیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سێیەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا مانگی داهاتوو پەسەند دەکرێت و دابەشدەکرێت. لەبارەی جۆرە تازەکەی ڤایرۆسی کۆرۆناش کە لە بەریتانیا سەریهەڵداوە دەڵێت: "ئاماژەی مەترسیداری نییە".
برێت جێروا، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بە میدیای وڵاتەکەی (ABC News) راگەیاند، کار لەسەر کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی دەکەن لەسەر ڤاکسینەکەی کۆمپانیای جۆنسن & جۆنسن.
ئەگەر ئەو ڤاکسینە پەسەند بکرێت، دەبێتە سێیەم ڤاکسین لە ئەمریکا بەسەر خەڵکدا دابەشبکرێت لەدوای هەریەک لە بەرهەمی کۆمپانیاکانی فایزەر و مۆدێرنا کە یەکیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی کرا، ئەوەی دیکەشیان ئەمڕۆ دووشەممە.
جێروا دەڵێت: "هیوادەخوازین دوای بەرهەمهاتنی ڤاکسینی سێیەم، ڤاکسینی دیکەش لە ئەمریکا بەردەستبن". ئەو بەرپرسە تەندروستییەی ئەمریکا راشیگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای ئابۆت لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بەرهەمی داری پشکنینی کۆرۆنا لە رێگەی قوڕگ و لووت زیادبکەن تاوەکو ئەوکاتەی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ دەکرێت.
جێروا لەسەر ڤاکسینە نوێیەکەش قسە دەکات کە لە بەریتانیا بڵاوبووەتەوە و تەنگی بە وڵاتەکە هەڵچنیوە، دەڵێت: "هیچ پاساوێک نابینم ئەو ڤایرۆسە جێی مەترسی بێت".
لەسەرەتای ئەم هەفتەیە زانا بەریتانییەکان زەنگی مەترسییان لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی "ڤایرۆسێکی مەترسیدار" لێداوە کە لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە دەڵێت "لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە".
لەترسی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ژمارەیەک وڵات گەشتی ئاسمانی و وشکاییان لەگەڵ بەریتانیا هەڵپەساردووە، هاتووچۆی خەڵکیش لەنێوان بەریتانیا و هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسرائیل، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دیکە وەستاوە.
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |