English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مستەفا کازمی: تورکیا ئامادەیی ده‌ربڕیوه‌ پێنج ملیار دۆلار پێشکەش بە عێراق بکات
2020-12-22 [11:32 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

مستەفا کازمی دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی له‌ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ناوچەی سەوز، ناوەڕۆکی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ و ھەروەھا بەرزکردنەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراق كرد، رایگه‌یاند، تورکیا ئامادەیی نیشانداوە، پێنج ملیار دۆلار پێشکەش بە عێراق بکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی ئەو مووشەکانەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە ناوچەی سەوز کەوتنەخوارە، دوو مەدەنی برینداربوون و زیانیش بە سامانی هاووڵاتییان کەوتووە، ئامانج لەو ھێرشە خوڵقاندنی جۆرێک لە گرژی و ئاڵۆزییە و گوتی:"ئەنجامدانی ئەو ھێرشە، کردەیەکی تاوانکاری و ترسنۆکانەیە و زیان بە شکۆی عێراق دەگەیەنێت، گەلی عێراق و مەرجەعییەت ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە رەت دەکەنەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاند کە ھەر دوای ئەنجامدانی ھێرشەکە بۆسەر ناوچەی سەوز، ھێزە ئەمنییەکان لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنەدا، دەستیان بەسەر ژمارەیەک مووشەک و سەکۆی ھەڵدانی مووشەکدا گرتووە.

مستەفا کازمی گوتیشی: "پاراستنی نێردەکانی دیپلۆماتی بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە، دەوڵەت بڕیاری ئاشتی و جەنگ دەدات، ھەر دەوڵەت رێککەوتنەکان دەکات، بۆیە ھەر دەستدرێژ و پێشێلکردنێک، رەتکراوەیە و ئەنجامدەرانی ھەر دەستدرێژییەک بەپێی یاسا سزا دەدرێن".

سەبارەت بە بوودجەی گشتیی، مستەفا کازمی گوتی: "بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ کە بە شەو و رۆژ کارمان لەسەر ئامادەکردنی کردووە، بوودجەیەکی چاکسازییە و تیایدا رەچاوی رەوشی چینی ھەژار کراوە و مووچەی خاوەن پلە باڵاکان کەمکراوەتەوە کە ئەوەیش یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو ھێرشانەیە کە لە میدیاکانەوە لەلایەن خاوەن پلە باڵاکانەوە دەکرێتە سەر حکوومەت".

گوتیشی: "لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١دا، دەستکاری مووچەی ئەو فەرمانبەر و مووچە خۆرانە ناکرێت کە زۆرینەی گەلی عێراق پێکدەھێنن، بەڵکو تەنها دەستکاری مووچەی پلە باڵاکان و پلە تایبەتەکان کراوە".

مستەفا کازمی راشیگەیاند کە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ پێشکەش بە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کراوە و هەموویان پشتیوانیان بۆ دەربڕیوە و گوتی:"تورکیا ئامادەیی نیشانداوە، پێنج ملیار دۆلار پێشکەش بە عێراق بکات".

گوتیشی: "بوودجەی ٢٠٢١ چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا لەخۆدەگرێت، ھەروەھا لە بوودجەکەدا، پاڵپشتیی لە کەرتەکانی پیشەسازی نیشتمانیی و کشتوکاڵ کراوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە نرخی دینار گوتی: "ئەوەی سەبارەت بە نرخی نوێی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی روویداوە، بەڵگەیەکی نوێیە بۆ بە ئامانجکردنی حکوومەت لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بە تایبەتیش کە لە میدیاکاندا مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەو پرسە ھەیە".

مستەفا کازمی گوتی: "کار دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووریی وڵاتەکەمان، ھەروەھا بەرەوڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە کە ھەوڵی یاریکردن بە نرخەکان دەدەن، جگە لەوەیش ھەموو ھەوڵێک بۆ یاریکردن بە ھەست و سۆزی خەڵکی رەت دەکەینەوە".

گوتیشی: "وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییم راسپاردووە بۆ ئەوەی ھەرچی رێوشوێنی گرنگ و پێویستە هەیە بیگرنەبەر و رێگە نەدەن بە ھیچ جۆرێک یاری بە نرخەکانەوە بکرێت".

 

aa





ئەم هەواڵە 223جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad