ZNA - هەولێر
گوتەبێژی حكومەتی ئێران دەڵێ ئەندامنەبوونی ئێران لە ئێف ئەی تی ئێف كاریگەری لەسەر كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا داناوە.
عەلی رەبیعی گوتەبێژی حكومەتی ئێران ئەمرۆ سێشەممە ٢٢ی کانوونی یەکەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران كردووه، ئاسانكاری بۆ ئەندامبوونی ئێران لە رێكخراوی نێودەوڵەتی پێشگرتن بە سپیكردنەوەی پارە بكات كە بە ئێف ئەی تی ئێف ناسراوە.
رەبیعی گوتی، بەھۆی ئەندام نەبوون لەو رێكخراوەیە ناتوانن بە ئاسانی ڤاكسینی كۆرۆنا دابین بكەن.
عەلی موتەھەری پەرلەمانتاری پێشووی ئێرانیش رۆژی دوشەممە رایگەیاندبوو، ئێران بەھۆی ئەندامنەبوون لەم رێكخراوەیە نەیتوانیوە ٥٠ ملیۆن دۆلار رەوانەی رێكخراوی تەندروستی جیھانی بكات.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکاتێکدا پشکی زۆربەی وڵاتانی لە بەرهەمی قۆناخی یەکەمی ڤاکسەنی کۆرۆنا دیاری کردووە، بەڵام هەتا ئێستا پشکی ئێران دیاری نەکراوە.
ئەم هەواڵە 130جار خوێندراوەتەوە |