ZNA- هەولێر
جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەیی ئیدارەی هەرێم لەپەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: بەمەبهستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەست بەكارى لیژنهكه، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ سێشەمە۲۲ـی ۱۲ـی ۲۰۲۰، لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارهى ههرێم، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆى ئهنجامدا.
جوان رۆژبەیانی گووتی: سەرەتای کۆبوونەوەكه تاووتوێی سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نوسراوانە کرا کە ئاراستەی لیژنەكه کرابوون، دوای گفتوگۆکردنیان ئەوانەی پێویستیی بەوەڵامدانەوە ههبوو وەڵامدرانهوه، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
هەروەها جوان رۆژبەیانی سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی بۆئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو گووتی: باس لەڕەوشی سەڕگەران و پەلکانە کرا کە لەئێستادا تەعریبێکی زۆریان لەسەرە، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆ لەسەر ئەوە کرا کە ھەماھەنگی لەنێوان لیژنەكه و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، لەبەر ئەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق بەنیازن سەردانی ئەو ناوچانە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە پێشنیازی خۆیان لەبارەی رەوشی ئەو ناوچانە ئاراستەی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کەبریارە بەمنزیکانە سەردانی ئەو ناوچانە بکەن.
دڵشاد یونس هەرکی
ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە |