English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قوباد تاڵەبانی : ھاتین بۆ بەدەستھێنانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و توانیمان رێککەوین لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١
2020-12-22 [08:02 AM]

ZNA- ھەولێر



قوباد تاڵەبانی وردەکاریی دوو ھەفتە گفتوگۆی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان خستەڕوو و رایگەیاند، لەسەر بودجەی گشتیی ٢٠٢١ ی عێراق لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون و ١٢.٦٧% وەکو بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان جێگیرکراوەتەوە، ئێستا چاوەڕێن رێککەوتنە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بکرێت.

"بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق لە بودجەدا پارێزراوە"

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ھەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە بەغداوە باسی لە نێوەڕۆکی گفتوگۆکانیان کرد لەماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا. گوتی: "ھاتین بۆ بەدەستھێنانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و توانیمان رێککەوین لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١".

حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە ٢١-١٢-٢٠٢٠ پرۆژەیاسای بودجەی پەسەندکرد و رۆژی سێشەممە رەوانەی پەرلەمانی کرد. قوباد تاڵەبانی لەبارەی پرۆژەیاساکە گوتی: "توانراوە بەرژەوەندییەکانی ھەموو گەلی عێراق بپارێزرێت".

"چاوەڕێین پێش کۆتایی ساڵ وەڵاممان بدەنەوە بەشمان چەندە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، کە گفتوگۆیان لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی کردووە، کە بەبێ دەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنرا. لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی لەو بارەیەوە دەڵێت: "سەرباری تێبینییەکان بڕیاماندا دەبێ ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەوە و وردەکارییەکانمان باسکردوون، نەھاتین قسە لەسەر یاساکە بکەین، ھاتین قسە لەسەر جێبەجێکردنی بکەین".

یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی دارایی دوو مەرجی لەسەر ھەرێمی کوردستان داناوە: رادەستکردنی داھاتی نەوتی و نانەوتی، قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "بۆ ھەردووکی ھاتین بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام لە بەرامبەردا بزانین ھەرێمی کوردستان لەو ٢٦ ترلیۆن دینارەی عێراق قەرزی دەکات بەشەکەی چەند دەبێت، دەزانین بەشێ ھەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارینەکراوە، بۆیە چاوەڕێی وەڵامین کە پێمان بڵێن لە بەرامبەر پابەندی ئێمە چیمان پێدەدرێت، ھیوادارین پێش کۆتایی ساڵ پێمان بڵێن بەشەکەتان چەندە".

"بەغدا لە ئەمساڵدا ٦ جار تەمویلی کردووین"

ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا قوباد تاڵەبانی باسی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکانی لەنێوان ھەولێر و بەغدا، بە ئاماژەدان بە بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد؛ "لە ١٢ مانگی رابردوودا تەنیا ٦ جار ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ تەمویلکراوە، لەکاتێکدا بەپێی ئەو رێککەوتنەی ھەمانبوو دەبوو تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ پارەکە بێت"، کە مەبەستی ٣٢٠ ملیار دینارەکە بوو.

"لە ٢٠١٩ەوە ئامادەی رێککەوتنین"

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٢٠١٩ەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی یان داھاتی ئەو بڕە نەوتەی کە لەسەری رێکدەکەون لەگەڵ بەغدا. دەشڵێت "ئێستاش ئەو رێککەوتنەی کراوە چاوەڕێین لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێنرێ و جێبەجێ بکرێت".

لەبارەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا قوباد تاڵەبانی ئاشکرایکرد، کە دیاریکراوە "دوای خەرجی سیادی و حاکیمە، کەمترە لەوەی ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین و پێموایە ھەر %١٢.٦٧ جێگیرکراوە".

"ھەموو زانیارییەکانمان لەبارەی نەوت و داھات داوەتە بەغدا"

ھەوڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، دوو پرسیاری لە قوباد تاڵەبانی کرد؛ ئایا ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی عێراق لە ھەرێمی کوردستان داوای دەکات چەندە؟ بۆچی ھەندێک لایەن دژی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدان؟

قوباد تاڵەبانی بەمشێوەیە وەڵامی رووداوی دایەوە: "لە یاسای کورتھێنانی دارایی باسی رادەستکردنی نەوت ناکات، باسی داھاتی نەوت دەکات، ئێمە بە نووسراوی فەرمی تەواوی زانیارییەکانمان داوەتە عێراق لەبارەی ھەناردە و داھاتی نەوت، کە لە چاودێری دارایی و کۆمپانیای دیلۆیت پەسەندکراون".

لە وەڵامی پرسیاری دووەمیشدا گوتی: "با خۆیان وەڵام بدەنەوە، رەنگە کەشی ھەڵبژاردن بێت".

ھەر لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لە رۆژنامەڤانەکان پرسیاری ئەوەیان کرد، بۆچی ھەندێک لایەنی عێراقی شەقام دژی ھەرێمی کوردستان دەجووڵێنن، "گوایە پارەیەکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان دەچێت". لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی گوتی: " باشە بەو پارەیەی لە ھەرێمی کوردستان بڕاوە، غەدریش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە، ئایا ئەو پارەیەی لە ھەرێمی کوردستان بڕاوە چ پرۆژەیەکی لە ناوچەیەکی دیکەی عێراق پێکراوە، دەبێ دووربکەینەوە لە موزایەدەو جووڵانەوەی شەقام لەپێناو مەرامی سیاسی".

لە کۆتایی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی بە گەشبینییەوە گوتی "بیر لە ئەنجامی ئەرێنی دەکەمەوە لە دانوستاندنەکان"، ھەرچەندە لە پێشدا گوتی "ساڵێکی سەختمان لەپێشەو تەحەدی زۆر لەپێشمانن".





ئەم هەواڵە 424جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
بەھرەیەکی سەرنج راکێشە
باران بارین و لافاوی شاری دوبەی
شێرەکانیش یاری تۆپی پێ دەکەن
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad