ZNA - تاران
نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی، لە نێوان 17 پڕۆژەی هەڵبژاردەی دنیا لە بەشی "سینەماڕت" لە پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتردام لە وڵاتی هۆڵەندا هەڵبژێردرا.
"ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" Do you know anything about Omid? نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی کەیوان کەریمی، لە نوێترین و دووهەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا وەکوو تەنیا پڕۆژەی سینەمای ئێران، لە نێوان 17 پرۆژەی هەڵبژاردەی سینەمای جیهان لە بەشی "سینەماڕت" لە سی و هەشتەمین خولی "بازاڕی بەرهەمهێنانی هاوبەشی فیلم" لە میانەی پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتردام و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەرەنسا لەگەڵ کۆمەڵێک بەرهەم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها پڕۆژەی "کابل جان" (کابول گیان)ـی خاتوو شەهربانوو سادات سینەماکاری ئەفغانی و بەرهەمی وڵاتی ئەڵمانیا؛ تەنیا پڕۆژە سینەماییەکان لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم رووداوە سینەماییە هەڵبژێردران.
"سینەماڕت" یەکەمین و گرینگترین بازاڕیی بەرهەمی هاوبەش لە جیهان دێتەئەژمار؛ ئەمساڵ سی و هەشتەمین خولی بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە رۆژانی 1 تا 5ی شوباتی 2021 لەگەڵ پەنجاهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتردام بەڕێوەدەچێت و خەڵاتی بڕی پارەی 30 هەزار یۆرۆش بۆ براوەکان لەبەرچاو گیراوە.
مەنسوور جیهانی
ئەم هەواڵە 271جار خوێندراوەتەوە |