zna:هەولێر ئەندامێکی پەرلەمانی عـێـراق ڕایگەیاند: دەروازە سنوورییەکان دوای كاتژمێر 4ی ئێوارە لە دەستی حكوومەتی عێراق نامینێن و دەكەونە ژێر دەستی چەكداران و میلیشیاكان.
مـەیادە نـەجـاڕ ئەندامی لیژنەی دارایی و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عـێـراق بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی ڕاگەیاند: بارودۆخی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی عێراق رووخاوە 17 ساڵە سەركردەكانی عێراق نەوتیان فرۆشتووە، هیچ پێشكەوتنێك ڕووی نەداوە، عێراق لە هەموو سێكتەرەكانی ژیان دواکەوتووە.
ڕوونیشی کردەوە: عێراق نغرۆی گەندەڵی بووە و ئەو گەندەلییەی كە لە عێراق هەیە، بووەتە كولتوور و نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت، دەروازە سنوورییەکانی عێراق دوای كاتژمێر 4ی ئێوارەوە لەژێر دەستی حكوومەتی عێراق نامینێن، بەڵكوو دەكەونە ژێر دەستی چەكداران و میلیشیاكان.
مـەیادە نـەجـاڕ دیاریکرد: ئاماری فەرمانبەران جیاوازیی هەیە و هەندێک ئامار دەڵێن 6 ملیۆن كارمەندی حكوومی لە عێراق هەیە و هەندێكیش دەڵێن 4 ملیۆن كارمەند هەیە، ئەوە مانای ئەوە دەدات كە تا ئێستا نازانن چەند كارمەند لەو وڵاتە هەیە كە بەشێك لەو كارمەندانە لە نێوان 3 تاکوو 6 مووچە وەردەگرن، هەروەها زانیاریی ئەوەش هەیە سەدان هەزار ئێرانی مووچەی خانەنشینیان لە عێراقدا هەیه.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باسی لەوەش کرد: وەزارەتی پلاندانان نازانێت له عێراق چەند فەرمانبەری ڕاستەقینە و چەند بندیوار هەیە، ئەوەش وای کردووە دارایی عێراق بەو ڕۆژە بگات و قەرزەکانی کەڵەکە بێت.
ئەم هەواڵە 298جار خوێندراوەتەوە |